عەبدولفەتاح سیسی بۆ ماوەی شەش ساڵی دیکە بەسەرۆکی میسر هەڵبژێردرایەوە

K24 - هەولێر

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر دەرچوونی لە هەڵبژاردنەکان بۆ جاری سێیەم راگەیاند، هەروەها داوای راگرتنی جەنگی غەززەشی کرد.

رۆژی دووشەممە، دەسەڵاتی نیشتمانی هەڵبژاردنەکانی میسر رایگەیاند، عەبدولفەتاح سیسی، دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی میسر، بۆ ماوەی شەش ساڵی دیکە دەبێتەوە سەرۆک.

حازم بەدەوی سەرۆکی دەستەی نیشتمانی هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سیسی لەسەدا 89.6ـی کۆی دەنگەکانی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە 39.7 ملیۆن دەنگی دەنگدەران لە هەڵبژاردندا".

جێگای باسە، لە هەڵبژاردەکنەدا سێ کاندید لە کێبڕکێکەدا بوون لەگەڵ سیسی، ئەوانیش حازم عومەر، لە پارتی کۆماری گەل، کە پلەی دووەمی بەدەستهێناوە رێژەی 4.5%ـی دەنگەکانی بەدەست هێناوە، هەروەها فەرید زەهران ، سەرۆکی پارتی دیموکراتی میسر ( ناوەندی چەپ)، کە پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و لەسەدا 4ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە پلەی کۆتاییدا عەبدولسەنەد یەمامە، لە پارتی لیبڕاڵی وەفد" %1.9ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

عەبدولفەتاح سیسی لە ساڵانی 2014 و 2018 دوو خولی هەڵبژاردنەکانی بردووەتەوە، هەردوو جارەکەش سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.