ئایدن مەعروف: ئێمە لەگەڵ دابەشکردنی کورسی کۆتاکاندا نین

K24 - هەولێر

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان رایگەیاند، دابەشکردنی 11 کورسی کۆتاکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کارێکی هەڵەیە.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە پشتیوانی لە پێکهاتەکان دەکەین، هەموو لایەکمان ئەزانین کە کۆتا بە سیستەم رێکخراوە، ئەمەش مافی پێکهاتەکانە تاوەکو بتوانن بەشێوەیەکی چالاک بەشداربن لە هەڵبژاردندا.

گوتیشی: لەماوەی رابردوودا سکاڵایەک دژی یاسایی هەڵبژاردن تۆمارکراوە لەناو یاسایی هەڵبژاردنیش دژی کۆتاکان بووە، بۆیە لە ئێستادا دانیشتنی دادگای فیدراڵی تایبەت بە بابەتی کۆتاکان دواخراوە، کە لەوماوەیەدا هیچ بڕیارێک سەبارەت بەو دۆسیەیە نەدراوە، ئەمەش جێگەی گومانە، کە دەستوەردانی سیاسی تێیدایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی رابردوو کۆمیسیۆن پێشنیاری هەبووە، کە لە 30-11 پیشکەشی دادگای کردووە، کە لەپیشنیارەکەدا کورسی کۆتاکانی لەسەر بنەمای جوگرافی دابەشی سەر هەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان کردووە، کە ئەمەش کارێکی هەڵەیە، چونکە هیچ راوێژێکی بە نوێنەرانی پێکهاتەکان نەکردووە.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێت: نازانین چۆن دادگای فیدراڵی هێشتوویەتی کۆمیسیۆن دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکاندا بکات، بۆیە دەبوایە دادگای فیدراڵی راوێژی بە نوێنەرانی پێکهاتەکان بکردبوایە، لەبەر ئەوەی دابەشکردنی 11 کورسی کۆتاکان بەسەر سێ پارێزگاکەدا کارێکی هەڵەیە. هەروەها ئێمە لەگەڵ دابەشکردنی کورسی کۆتاکان دانین. چونکە ئەوە لەبەرژەوەندی کۆتاکاندا نییە. بۆیە ئەگەر ئەم دابەشکردنە بەردەوام بێت کاریگەری خراپی دەبێت.