تیپی "لەرێ"ی کوردستان بەشداری پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە تونس دەکات
K24 – هەولێر
تیپی لەرێ، تاکە تیپی کوردستانە بەشداری پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە وڵاتی تونس دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی2023، رزگار فەقێ، ئەکتەر و شانۆکار بە کوردستان24ـی راگەیاند: تیپی "لەرێ" وەک تاکە تیپ لە کوردستاندا، بەشدارین لە پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام، لە "ویلایەتی کەهەف" لە وڵاتی تونس.
گوتیشی: "ئەم شانۆیە شەش وڵات تێیدا بەشدارە، زیاتر لە 35 نمایش لە ماوەی سێ رۆژدا دەکرێت، دوابەدوای تەواو بوونی نمایشەکان خەڵات بەسەر بەشداربووان و ئەوانەی سەرکەوتووبوون دابەش دەکرێت".
رزگار فەقێ، ئاماژەی بەوەشدا: "بەرهەمەکەی ئێمە بەرهەمی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە وڵاتی تونس پێشکەشی دەکەین".



ئا: لاڤین عومەر