ئیسرائیل ئامادەیی خۆی بۆ ئاگربەست نیشاندا و حەماسیش مەرجی هەیە

K24 - هەولێر

ئیسرائیل رازی بووە و ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەگەڵ حەماس نیشاندا، بەڵام حەماس وەڵامی دایەوە کە ئامادە نییە تاوەکو شەڕەکە نەوەستێت، تاوتوێی هیچ رێککەوتنێک بکات.

ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە، لە میانەی دیدارەکەی لەگەڵ باڵوێزی وڵاتانی دەرەوە رایگەیاند، تەلئەڤیڤ ئامادەیە ئاگربەستێکی مرۆیی دیکە ئەنجام بدات بە مەبەستی رێگەدان بە ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان.

هێرزۆگ ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو بابەتە لە ئەستۆی "سەرۆکی بزووتنەوەی حەماسە لە کەرتی غەززە، راشیگەیاند، دەیان حاڵەتی مرۆیی لە نێو ئەو گرووپە دەستبەسەرکراوانەی غەززەدا هەیە.

پێشووتر ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیەندرا و بە دەیان بارمتە و دیل ئالوگۆڕ کران، هەروەها بەدەیان بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی رەوانەی کەرتی غەززە کران، دواتر دوو جار ئاگربەستەکە درێژکرایەوە، دوای تەواوبوونی ئاگربەستەکەش جارێکی دیکە شەڕ دەستیپێکردەوە.

کۆبوونەوەی قەتەر و مۆساد و سی ئای ئەی

ئیسرائیل هەوڵ دەدات رێکەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بەرەو پێشەوە ببات، ئەمە لە کاتێکدا رۆژی دووشەممەی رابردوو، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، "مۆساد" دەیڤید بارنیا لەگەڵ بەڕێوەبەری "سی ئای ئەی"، ویلیام بێرنز و سەرۆکوەزیرانی قەتەر، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، لە وارشۆ کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکەش بۆ هەوڵی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بوو.

سەردانی شاندی حەماس بۆ میسر

میدیاکانی نزیک لە بزووتنەوەکە رایانگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی بزووتنەوەی حەماس سەردانی قاهیرەی پایتەختی میسر دەکات، ئەو سەرچاوانە بە تۆڕی قودسیان راگەیاندووە، شاندەکە چاوی بە بەرپرسانی میسری دەکەوێت، گفتوگۆ لەسەر دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەکەن.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، پێشتر شاندێکی باڵای سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس چووەتە میسر، بە سەرۆکایەتی ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی، ئەمەش دووەم سەردان دەبێت لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە.

بەرپرسێکی ئیسرائیلیش رایگەیاند، کە تەلئەڤیڤ ئامادەیە زیندانییە "مەترسیدارەکان"ـی فەڵەستینییەکان ئازاد بکات، تەنانەت ئەوانەی کە بە تاوانی کوشتن سزا دراون، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان.

ئەمەریکا داوای رەوانەکردنی هاوکارییە مرۆییەکان دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە رەشنووسی بڕیارنامەیەک کە داوا لە ئیسرائیل و حەماس دەکات رێگە بدەن هاوکارییەکان بگاتە کەرتی غەززە و هەروەها دامەزراندنی میکانیزمێکی چاودێری لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو یارمەتییە مرۆییانەی کە پێشکەش دەکرێن.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، واشنتن پێشوازی لە بڕیارنامەیەک دەکات کە بەتەواوی پشتیوانی لە دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان لەکەرتی غەززە بکات، بەڵام وردەکارییەکانی دەقەکە گرنگن، روونیشی کردەوە کە ئەگەر حەماس رازی بێت بە ئازادکردنی بارمتەکان، دەکرێت ئاگربەستێکی مرۆیی درێژخایەن بکرێت.

ماتیۆ میلەر ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەمەریکا پێشوازی لە چین دەکات کە رۆڵێکی بنیاتنەر دەگێڕێت لە هەوڵدان بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر بازرگانی دەریایی نێودەوڵەتی، گوتیشی: ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆکی دیپلۆماتکاری چین، وانگ یی، ئاگادارکردەوە کە هێرشەکان زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەموو وڵاتان دەگەیەنێت، لەوانەش ئەمەریکا و چین.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستینیش ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوان بۆ زیاتر له‌ 19 هه‌زار كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته‌ 50 هه‌زار و 897 كه‌س.