ئەمەریکا داوای ئازادکردنی دوو زیندانی لە رووسیا دەکات
K24 - هەولێر
کۆشکی سپی رایگەیاند، پێشنیارێکی نوێ بۆ رووسیا ئامادە دەکات بۆ ئازادکردنی دوو زیندانی ئەمەریکی، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە مۆسکۆ هەوڵێکی پێشووی ئەمەریکای لەوبارەوە رەتکردبووەوە.
دوێنێ پێنجشەممە، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ئێمە زۆر کاردەکەین بۆ ئەوەی پێشنیارێکی دیکە بۆ رووسیا بخەینەڕوو کە رەنگە سەرکەوتووتر بێت".
کێربی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا "لە چەند رۆژی ڕابردوودا ئۆفەرێکی پێشکەشکردووە، بەڵام رووسەکان بەبێ گوێدانە ئەوەی پوتن چی دەڵێت، رەتیانکردەوە".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو کە رووسیا پێشنیارێکی بۆ ئازادکردنی ئەمەریکییەکان "ئیڤان گێرشکۆڤیچ" پەیامنێری وۆڵ ستریت جۆرناڵ و "پۆڵ ویلان" کە پێشتر هێزی دەریایی بووە، رەتکردووەتەوە.
دواتر ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا گوتبووی، هیوای چارەسەرکردنی بابەتەکە هەیە، بەڵام پێویستە ئەمریکا "بڕیارێک بدات کە لەگەڵ رووسیادا بگونجێت".
گێرشکۆڤیچ تەمەن 32 ساڵ، لە کۆتایی مانگی ئاداردا لە شاری یکاتێرینبۆرگ لە چیای ئۆرال لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی رۆژنامەوانی دەستگیرکرا، کە یەکەم رۆژنامەنووسی رۆژئاواییە لە سەردەمی سۆڤیەتەوە بە سیخوڕی تۆمەتبار کراوە، ئەویش بە توندی ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە کە ئاراستەی کراوە.
سەبارەت بە ویلانـی تەمەن 53 ساڵ، ئەو لە بواری ئەمنیدا لە کۆمپانیایەکی ئەمەریکا، تایبەت بە پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل کاردەکات، کاتێک لە ساڵی 2018 لە مۆسکۆ دەستگیرکرا.
ویلان دوای ئەوەی بە تاوانی سیخوڕی سزا درا، سزای 16 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش تۆمەتێکە کە حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت بێ بنەمایە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "بی بی سی" کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو بڵاوکرایەوە، ویلان حکومەتی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە وازیان لێهێنا و گوتی "وازیان لێهێناوم".
مانگی رابردوو خێزانی ویلان رایانگەیاند، لەلایەن زیندانییەکەوە لە دەموچاویدا دراوە و چاویلکەکەی شکاوە.
کێربی گوتیشی: ئێمە لە رێگەی باڵیۆزخانەکەمانەوە لە مۆسکۆ بەردەوام دەبین لە هەوڵەکان بۆ ئەوەی راستەوخۆ لەگەڵ هاوتا رووسییەکانمان چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئەمەریکا لەگەڵ ڤەنزوێلا ئاڵوگۆڕێکی دیلەکانی ئەنجامدا، کە تێیدا 10 ئەمەریکی گەڕاندەوە لە بەرامبەردا واشنتن بازرگانێکی نزیک لە نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلای ئازاد کرد.