سوپای سوودان داوای راگرتنی شەڕ دەکات

عەبدولفەتاح ئەلبورهان
عەبدولفەتاح ئەلبورهان

K24 - هەولێر

فەرماندەی سوپای سوودان رایگەیاند، دەبێت شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا رابگیرێت، بەڵام سوپا هیچ رێککەوتنێکی ئاشتی واژۆ ناکات کە "سەرشۆڕی تێدابێت" و سوکایەتی بە هێزە چەکدارەکان و خەڵک بکرێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری ئینتقالی سوودان، عەبدولفەتاح ئەلبورهان، لە لێدوانێکیدا بە ئاژانسەکانی هەواڵی سوودانی راگەیاند، "هێزە چەکدارەکان بە یەکگرتوویی و بەهێز بۆ سەلامەتی سوودان دەمێننەوە" و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لەناو دەبەن.

سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییەی شاری "وەد مەدەنی" و کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا، فەرماندەکەی سوودان گوتی: ئەوەی لە شاری وەد مەدەنی لە ویلایەتی جەزیرە روویدا، کەمتەرخەمی بوو، دەشڵێت: هەموو ئەوانەی کەم تەرخەم بوون لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

گوتیشی: هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە سوپا تا دوا سەرباز شەڕ دەکات، بۆ ئەوەی خەڵکی سوودان چێژ لە ئاسایش و سەقامگیری وەربگرن و هێزە چەکدارەکان ناڕوخێن، هەڕەشەی ئەوەشی کرد، کە هەموو ئەوانەی هاوکاری هێزەکانی پشتیوانی خێرایان کردووە، باجی هاوکارییەکانیان دەدەن.

دانیشتوانی شاری وەد مەدەنی رایانگەیاندووە، کە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی وردە وردە دەگەێتەوە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، سوپا رایگەیاند، هێزەکانیان لە بارەگای فیرقەی یەکەم لە شاری وەد مەدەنی کشاونەتەوە، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی کۆنترۆڵکردنی شارەکە هات کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا، سوپا ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوەدەکەن بۆ زانینی بارودۆخی کشانەوە لە بارەگای فیرقەی یەکەم.

رۆژی سێشەممە، 19-12-2023، هێزەکانی پشتیوانی خێرا، دوای شەڕێکی چوار رۆژە و کۆنتڕپڵکردنی شاری وەد مەدەنی، هێزەکانی خۆی لەشەقامەکانی ئەو شارە و دەروازەکانی هاتنە ژوورەوە و چوونە دەرەوە بڵاوکردەوە.

لە 15ـی نیسانەوە شەڕوپێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵدا، بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 12 هەزار کەس لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا کوژراون و زیاتر لە 7 ملیۆن کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوە بوون.