زیدە محەممەد: لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەناردەکردنی هێلکە و مریشک

زیدە محەممەد، بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ
زیدە محەممەد، بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ

K24 - هەولێر

بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکابینەی نۆیەمدا، گرنگی دان بوو بە جۆراو جۆرکردنی سەرچاوەی داهات، کشتوکاڵیش یەکێکە لەو ئابووریانەی کە وڵاتان پشتی پێدەبەستن.

زیدە محەممەد، بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەکوردستان24ـی راگەیاند، لەکابینەی نۆیەمدا، بەرنامە و پلانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی دان بوو بە جۆراو جۆرکردنی سەرچاوەی داهات، کە ئابووری کشتوکاڵیش جۆرێکە لە ئابووری کە وڵاتان کە پشتی پیدەبەستن.

بەگوتەی زیدە محەممەد، پشتبەستن بە ئابووری کشتوکاڵ لە کابینەی نۆیەمدا پلان بۆدانراو بووە، بۆیە یەکەم جار حکومەتی هەرێمی کوردستان هات کیسەکانی جووتیارانی دەست نیشان کرد، چونکە لە ساڵانی رابردوو جوتیاران کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانییان هەبوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بەرهەم و جوتیارمان هەبوو بەڵام کێشەی بەبازاڕکردنمان هەبوو، هەروەها بەرهەمەکانیش کواڵێتی باش نەبوو، بۆیە حکومەت و تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ راهێنانیان بە هەندێک جووتیار کرد بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان باش و بە کواڵێتی بن، ئینجا هاتین بازاڕ بۆ بەرهەمەکانی بدۆزینەوە، ئەو وڵاتانەی کە ئامادە بوون بەرهەمەکان وەرگرن پێشتر نموونەمان رەوانە کردبوو، واتە پێش هەناردەکردن هەموو ئاسانکاری یاسایی و کارگێڕی و تاقیگەییمان کردبوو.

بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، باسی لەوەشکرد، پار ساڵ هەنارمان هەناردە کرد، ئەمساڵیش کارمان لەسەر هەناردەکردنی پەتاتە و هەنگوین و سێوی بەرواری باڵا کرد، واتە پڕۆسەکە سەرکەوتوو بوو، بۆیە دەمانەوێت پلانەکانمان فراوانتر بکەین، گوتیشی: لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەناردەکردنی هێلکە و مریشک.

دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، یەکەم کاروانی سێوی دەڤەری بەرواری لە هەرێمی کوردستان کە لە پێنج تۆن پێکهاتبوو، هەناردەی وڵاتی قەتەر کرا و پڕۆسەکەش بەردەوامی دەبێت.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەناردەکردنی سێوی بەرواری باڵا بۆ قەتەر دەستپێکێکە و پڕۆسەکە لە داهاتوودا بەردەوامی دەبێت.

Fly Erbil Advertisment