رووسیا هەڕەشەی پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ئەمەریکا دەکات
K24 - هەولێر
ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس لە زاری سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، رۆژی هەینی رایگەیاندووە، مۆسکۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا دەپچڕێنێت، ئەگەر دەست بەسەر ئەو سەروەت و سامانانەی رووسیادا بگرێت، کە بەهۆی ململانێی ئۆکرانیاوە بلۆککراوە.
ریابکۆڤ گوتیشی: کۆی سامانی بانکی ناوەندی رووسیا کە لەلایەن حکومەتەکانی ئەمەریکا و ئوسترالیا و کەنەدا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و بەریتانیا و کۆمسیۆنی ئەوروپاوە راستەوخۆ دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئۆکرانیا راگیرا، نزیکەی 300 ملیار دۆلارە.
هەروەها ئەم وڵاتانە دەستیان بەسەر دەیان ملیار دۆلاری سەروەت و سامانی دەوڵەمەندەکانی رووسیا و دامەزراوە تایبەتەکانی نزیک لە رووسیا گرتووە.
ئەمریکا ئەم هەواڵەی بەستەوە بۆ ئەوەی رووسیا ناچار بکات خۆبەخشانە ئۆکرانیا ئاوەدان بکاتەوە، یان دەست بەسەر پارەکانی دابگرێت.
کۆمیسیۆنی ئەوروپا و حکومەتی ئۆکرانیا و بانکی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە بە نزیکەی 411 ملیار دۆلار دەخەملێنن، ئەم ژمارەیەش دوو هێندەی کۆی قەبارەی ئابووری ئۆکرانیایە پێش دەستپێکردنی جەنگی رووسیا کە لە شوباتی 2022 سەری هەڵدا.