سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە سکرتێر و ئەندامانی نوێی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکات

K24 – هەولێر:
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، پیرۆزبایی لە سکرتێر و ئەندامانی نوێی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەکات و داوایان لێدەکات لە بەرگریکردن لە ماف و داوا رەواکانی ئافرەتان و بەرزڕاگرتنی بەها باڵاکانی کوردستان ئەرکی خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن.
رۆژی هەینی (22ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پیرۆزبایی لە سکرتێر و ئەندامانی تازەی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هیوادارم لە بەرگریکردن لە ماف و داوا ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستان و پێگەیاندن و هۆشیارکردنەوەیان بە بیری بەرپرسیارێتی و نیشتیمانپەروەری و بەرزڕاگرتنی بەها باڵاکانی کوردستان ئەرکەکانی خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن و ببنە نموونە و سەرمەشق بۆ هەموو ئافرەتانی کوردستان و لەو رێگەیەشدا بە هەموو توانایەک پشتیوانتان دەبین".
دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پیرۆزبایی لە سکرتێر و ئەندامانی تازەی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
هیوادارم لە بەرگریکردن لە ماف و داوا ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستان و پێگەیاندن و هۆشیارکردنەوەیان بە بیری بەرپرسیارێتی و نیشتیمانپەروەری و بەرزڕاگرتنی بەها باڵاکانی کوردستان ئەرکەکانی خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن و ببنە نموونە و سەرمەشق بۆ هەموو ئافرەتانی کوردستان و لەو ڕێگەیەشدا بە هەموو توانایەک پشتیوانتان دەبین.
هەر سەرکەوتوو و سەرفراز بن.
مسعود بارزانی
22ی کانوونی یەکەمی 2023