بایدن مەرسوومێک بۆ توندترکردنی سزاکانی سەر رووسیا واژۆ دەکات
K24 - هەولێر
کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیارێکی واژۆ کرد بۆ توندترکردنی سزاکانی سەر رووسیا.
لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی کۆشکی سپیدا هاتووە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیارێکی واژۆ کرد بۆ توندترکردنی سزاکانی سەر رووسیا، هەروەها لە مەرسومەکەی بایدن هاتووە "بە مەبەستی قورسای خستنە سەر رووسیا بۆ ئەوەی بنکەی پیشەسازی خۆی بەکاربهێنێت بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایشی وڵاتان و ئەمەریکا و ناوچەکە".
ئەو بڕیارە بۆ رێگریکردنە لە بەکارهێنانی سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی لەلایەن رووسیا، بۆ هاوردەکردنی بەرهەم و بەکارهێنانی سەربازی و بەرهەمەکانی دیکە لە وڵاتانی سێیەمەوە.
پێشتر ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دووپاتیکردەوە کە سەرجەم ئەو رێوشوێنانەی رۆژئاوا و سزاکانی یەکێتی ئەوروپا کە گرتوویانەتەبەر بۆ سەر رووسیا وەڵامی گونجاویان دەبێت.
زاخارۆڤا گوتیشی: "هەموو ئەو رێککارییانە گیراونەتەبەر سەبارەت بە گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەمان و وەڵامێکی گونجاومان دەبێت، بڕیاری گونجاویشیان لەسەر دەدرێت و دواتر جێبەجێ دەکرێت".
ئا: لاڤین عومەر