نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی ئاوارەکان لە سوودان حەوت ملیۆن کەسی تێپەڕاند
K24 – هەولێر
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، شەڕی سوودان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە تەشەنەکردنی توندوتیژی لە سوودان دەربڕی، ئەمەش دوای راگەیاندنی ئەو شەڕەی سوودان کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر حەوت ملیۆن کەس.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی ئەنجومەنەکە "بە توندی هێرشەکان دژی هاووڵاتییانی مەدەنی و زۆربوونی توندوتیژی لەو ناوچانەی کە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەران روویان تێکردووە" ئیدانەی کرد، ئاماژە بەوەشکرد، "ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش نیگەرانن لە توندوتیژی بەربڵاو و تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە سوودان".
هەروەها راشیگەیاند، جگە لەو حەوت ملیۆن کەسەی لە ناوخۆدا ئاوارە بوون، ملیۆنێک و 500 هەزار کەسی دیکە روویان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە.
ئەنجومەنەکە داوای لە هەردوو لایەنی شەڕکەر کردووە رێگە بدەن "هاوکاری مرۆیی خێرا بێ بەربەست بگاتە هەموو ناوچەکانی سودان".
لە 15ـی نیسانەوە شەڕوپێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵدا، ئەمە یەکەمجارە کە ململانێ سەربازییەکە روو لە یەکێک لە گەورەترین شارەکانی سوودان بکات، وەد مەدەنی کە دەکەوێتە باشووری خەرتوم، بووەتە پەناگەیەک بۆ هەزاران خەڵکی ئاوارەبوو لە ناوچەکانی تر، ئەنجومەنی ئاسایشیش رایگەیاند، شەڕەکە ئێستا گەیشتووەتە ئەوێ، ئەمەش وایکردووە خەڵکی ئاوارە دووبارە ئاوارەبن.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 12 هەزار کەس لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا کوژراون و زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.
ئا: لاڤین عومەر