ساماڵ عەبدولرەحمان: دەبێت لیژنەیەک بۆ بڕیاردان لەبارەی دەروازە سنوورییەکان دروست بکرێت

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەبێت لیژنەیەکی پەیوەندیدار بۆ سەردانی کردنی دەروازە سنوورییەکانی کوردستان دروست بکرێت، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی ئەو مەرزانە بدرێت کە نافەرمین، ئەوانەی کە مەرجیان تێدایە بە فەرمی بکرێن و ئەوانەی دیکەش دابخرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2023، ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی ھەرێمی كوردستان، بە کوردستان24ی گوت: "لە کۆبوونەوەی رابردوودا لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق، باس لەوەکرا کە بڕگەی یەکەمی یاسای ژمارە 30 ساڵی 2016ی دەستەی دەروازە سنوورییەکان هەمووار بکرێتەوە، هەموولایەک گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە دەبێت یاساییەک هەبێت و هەماهەنگ بێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بڕیاری یاسای ژمارە 13ـی 2016 کە بڕگەیەکی تێدابوو، تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان ئەویش هەمووار بکرێتەوە، هەروەها سیاسەتی گومرگی لەنێوان هەردوولادا بەشێوازێک دابڕێژرێت بێت رەنگبداتەوە لە هەموو دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق".

ساماڵ عەبدولرەحمان، راشیگەیاند: "دەبێت لیژنەیەک دروستبکرێت لە هەموو لایەنێکی پەیوەندیدار، بۆ سەردانی کردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو دەروازانەی کە مەرجی بوون بە دەروازەییان تێدایە، بڕیارییان لێ بدرێت و ئەو دەروازانەشی کە مەرجی بوون بە دەروازەییان تێیدا نییە و نافەرمین دابخرێن و هیچ لایەک لاری نییە".

وەک ساماڵ عەبدورەحمان ئاماژەی پێدا، هەموو ئەو بابەتانە لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق باسکراون، دەشڵێت: "بڕیاردراوە لە دوای سەری ساڵەوە کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت".

ئا: لاڤین عومەر

Fly Erbil Advertisment