سوپای ئیسرائیل: لە سەرەتای شەڕی غەززەوە 489 سەربازمان کوژراون

تەرمی سەربازێکی ئیسرائیلی کە لە شەڕی غەززەدا کوژراوە (وێنە: AP)
تەرمی سەربازێکی ئیسرائیلی کە لە شەڕی غەززەدا کوژراوە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

سوپای ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە 489 سەربازیان کوژراون. حەماسیش پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمەریکا درێژ دەکات و دەڵێت، بە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل بەشدارە لە کوشتنی فەڵەستینییەکان.

لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ لە غەززە بەرپرسانی ئیسرائیل نایشارنەوە، لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە شەڕێکی قوڕسدان و تاوەکو ئێستاش لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا 489 سەربازیان کوژراون. بەرپرسانی حەماسیش لەبارەی بەردەوامبوونی شەڕەکەوە ئاماژە بەوە دەدەن، ئەمەریکا لە بە پشتیوانیکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە؛ لە کوشتنی فەڵەستینییەکاندا بەشدارە.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی بەردەوامبوونی شەڕەوە رایگەیاند، هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەمدا نییە و لە شەڕکردن بەردەوام دەبن.

ناتانیاهۆ گوتی: "ئەم شەڕەی دژی حەماس و تیرۆریستان دەستمان پێکردووە لەسەر ئێمە قورس دەکەوێت، بەڵام ئێمە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە و دەبێت بەردەوامبین لەشەڕکردن. تا ئەمڕۆ هێزەکانمان کۆتایییان بەهەزاران تیرۆریستی حەماس هێناوە، بەهەموو تواناشمانەوە دەجەنگین تا کۆتایی ئەم شەڕە، تا سەرکەوین و سەرجەم ئامانجەکانمان بەدیبهێنین".

لەلایەن خۆشیەوە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا نایشارێتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ نەتانیاهۆ داوای ئاگربەست و راگرتنی شەڕی لێ نەکردووە.

جۆو بایدن لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئەوەی خستەڕوو، "گفتوگۆیەکی تایبەت و دوورودرێژم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام دا، بەڵام  داوای ئاگربەستم لێ نەکردووە".

بەرپرسانی حەماس داوای وەستاندنی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەکەن و، لە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئەو وڵاتەش نیگەرانن. دەڵێن، "ئەمەریکاش بەشێکە لەو هێرشانە و بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە کوشتنی فەڵەستیینییەکان بەشدارە".

ئوسامە حەمدان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمەریکا بە کردەوەکانی ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە، بەشێوەیەکی سەرەکی بەشدارە لە کوشتاری فەڵەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە".

لەسەرەتای دەستپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەر تا ئێستا زیاتر لە 20 هەزار و 400 فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 54 هەزار و 36 دیکەش برینداربوونە.