لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی چەکداری لە نەیجیریا 160 کەس کوژران

K24 - هەولێر

کاربەدەستانی نەیجیریا کوژرانی 160 کەسیان راگەیاند، لە زنجیرەیەک هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر گوندەکانی ناوەندی ئەو وڵاتە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "فرانس24" بەرپرسێکی ناوخۆیی لە ویلایەتی پلاتۆ لە نەیجیریا رایگەیاندووە، لە رۆژی شەممەی رابردووەوە، زیاتر لە 160 کەس لە هێرشە بەردەوامەکاندا کوژراون.

روونیشیکردەوە، گرووپە چەکدارەکان "هێرشی هاوبەشیان"بۆسەر 20 گوندی ناوچەی بۆکۆس کردووە و ماڵەکانیان لەوێ سووتاندووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا زیاتر لە 300 بریندار گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.

بە گوتەی بەرپرسێکی دیکەی ناوچەکە، لە ئەنجامی هێرشی سەر چەند گوندێکی دیکە لە هەمان ویلایەت، لانیکەم 50 کەس کوژراون.

کالێب مۆتڤوانگ، پارێزگاری ویلایەتی پلاتۆ رایگەیاند، توندوتیژییەکان لە ویلایەتەکە ئیدانە دەکەین و بە "بەربەری" و "بێ ئیستفزازی" ناوبرد.

دەسەڵاتدارانی ناوچەکە پشتڕاستیان کردەوە کە رێوشوێن دەگرنەبەر بۆ راگرتنی توندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی.

ئا: لاڤین عومەر