ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا: کارە لەپێشینەکانی جۆ بایدن پاراستنی ئەمەریکییەکانە لە عێراق
K24 - هەولێر
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا رایگەیاند، کارە لە پێشینەکانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا پاراستنی ئەمریکییەکانە لە عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئادریان واتسۆن، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "دوای ئەوەی بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا سێ سەرباز برینداربوون، کە برینی یەکێک لە سەربازەکان سەختە".
واتسۆن گوتیشی: "سەرۆک بایدن هەر ئەمڕۆ فەرمانیکرد هێرش بکەینە سەر ئەو گرووپانە، هەروەها فەرمانیشی بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کردووە، بژاردەکانی وەڵامدانەوە ئامادە بکات، لوید ئۆستنیش لەرێگەی تەلەفۆنەوە بژاردەکانی رادەستی سەرۆکی ئەمەریکا کردووە".
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەماوەی ئەو پەیوەندییەکە، سەرۆکی ئەمەریکا داوای کردووە هێرشەکان ئاراستەی 3 شوێنی بکرێت کە لەلایەن حزبوڵڵا و گروپەکانی سەر بەو بەکاردەهێنرێن، بەتایبەتی تیشکی خستە سەر چالاکییەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان".
واتسۆن گوتیشی: "جۆ بایدن پاراستنی کارمەندانی ئەمەریکای لە پێشینەی کارەکانی داناوە لەعێراق، کە بە شێوەیەکی ئازاربەخش خزمەت دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا بەشێوەیەکی دیکە هەنگاو دەنێت ئەگەر بێت و ئەم هێرشانە بەردەوام بن".