ئیسرائیل داوای هێلیکۆپتەری "ئەپاچی" لە ئەمەریکا دەکات
K24 - هەولێر
ئەمەریکا لەم دواییانەدا داوایەکی ئیسرائیلی رەتکردووەتەوە بۆ دابینکردنی هێلیکۆپتەری جەنگی "ئەپاچی"، بەڵام رەنگە رەتکردنەوەکەی ئەمەریکا کاتی بێت.
رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنوت" ئەمڕۆ سێشەممە، بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل لە چەند هەفتەی رابردوودا داوای لە "پێنتاگۆن" کردبوو، بۆ بەهێزکردنی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی، هەلیکۆپتەری سەربازی پێبدات، بەڵام ئەمەریکا تا ئێستا دژی ئەو داوایە بووە رەتیکردووەتەوە.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، بڵاویکردووەتەوە، هێشتا وشەی کۆتایی لەم چوارچێوەیەدا نەگوتراوە، فشارەکانی ئیسرائیلیش بۆ بەدەستهێنانی هەلیکۆپتەری ئەپاچی بەردەوامە.
یۆئاڤ گالانت، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل لە دیدارێکی داخراودا لەگەڵ لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، ئەم بابەتەی ورووژاندووە، کە هەفتەی رابردوو بەسەردانێک گەیشتبووە واشنتن.
راپۆرتێکی کەناڵی 12ـی عیبری ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، ئەمەریکا بە 244 فڕۆکە و 20 کەشتی، زیاتر لە 10 هەزار تۆن چەک و کەرەستەی سەربازییان گەیاندووەتە ئیسرائیل.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، چەکی زیادەی بە بەهای 40 ملیار شیکل کە دەکاتە دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلار لە ئەمەریکا کڕیوە.