پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای بە ئەندامبوونی سویدی لە ناتۆ پەسند کرد

K24 – هەولێر

لە دوایین کۆبوونەوەیدا کۆمسیۆنی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا، پڕۆژەیاسای بە ئەندامبوونی سویدی لە ناتۆ پەسندکرد.

رۆژی سێشەممە 26/12/2023، کۆمسیۆنی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتاری ئەنقەرە لەسەر لیستی ئاکپارتی فواد ئۆکتای کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بریکاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بوراک ئاکچاپار، لەبارەی قۆناغی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ زانیاری دایە کۆمسیۆنەکە و ئەندامانی کۆمسیۆنەکەش لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، پڕۆژەیاسای بە ئەندامبوونی سوید لە رێکخراوی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور (ناتۆ) بە گونجاو زانرا و پەسەند کرا.

لە مانگی حوزیرانی 2022دا رێککەوتنێکی سێ لایەنە لە نێوان تورکیا، سوید و فینلەندا واژوو کراوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا تورکیا داوای لە سوید کردووە ژمارەیەک لەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ریزەکانی پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن داواکراون و لە سوید نیشتەجێن رادەستی تورکیا بکرێنەوە.

لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوودا تورکیا داواکاری فینلاندای بۆ بوونە ئەندامی ناتۆ پەسەندکرد، لەکاتێکدا هێشتا رەخنەی لەبارەی  ئەندامییەتی سویدەوە هەبوو، داوای کرد هاوکاری بکات و هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت لە بابەتی رادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو بە دەسەڵاتی دادوەری تورکیا بە تۆمەتی تیرۆر.

تورکیا داوا لە سوید دەکات دەیان لایەنگری پەکەکە کە لەسەر خاکی وڵاتەکەی نیشتەجێن، رادەست بکاتەوە، بەڵام حکومەتەکەی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بابەتەکە پەیوەستە بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە.