5 یاریزانی كورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كران

خیسۆس كاساس راهێنه‌ری عێراق هاوشانی وه‌رگێره‌كه‌ی. 8 جه‌نیوه‌ری 2023
خیسۆس كاساس راهێنه‌ری عێراق هاوشانی وه‌رگێره‌كه‌ی. 8 جه‌نیوه‌ری 2023

خیسۆس كاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لیستی یاریزانەكانی بۆ جامی نەتەوەكانی ئاسیا بڵاوكردەوە كە تێیدا 5 یاریزانی كورد بانگهێشتكراون، تەنیا 9 یاریزانی خولی عێراقی بانگهێشتكردووە، سەرجەم یاریزانەكانی دیكە هی خولەكانی دەرەوەیە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 27 دێسێمبەری 2023، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەشێوەیەكی گرافیك و ڤیدیۆیی لیستێكی 26 یاریزانی بۆ بەشداریكردن لە جامی نەتەوەكانی ئاسیا بڵاوكردەوە كە بڕیارە لە مانگی داهاتوو پاڵەوانێتییەكە لە قەتەر بەڕێوە بچێت.
خیسۆس كاساس راهێنەری ئیسپانی هەڵبژاردەی عێراق لە نێو لیستەكەدا تەنیا پشت بە 9 یاریزانی خولی عێراقی دەبەستێت، لە بەرامبەردا 17 یاریزانی پیشەگەری بانگهێشت كردووە.
كاساس پێنج یاریزانی كوردی پیشەگەری بانگهێشت كردووە كە پێكهاتوون لە ئوسامە رەشید لە خولی پۆرتوگالی، میرخاس دۆسكی لە خولی چیكی، لەگەڵ ئەحمەد عەلی لە خولی فەرەنسا و یوسف ئەمین لە خولی ئەڵمانیا. هەروەها ئالان مێحییدین لە خولی سویدی یاریی دەكات و ناوی لە لیستی یاریزانەكانی هەڵبژاردەی عێراقە.
هەڵبژاردەی عێراق هەڵگری نازناوی جامی نەتەوەكانی ئاسیای 2007 لە گرووپی چوارەم هاوشانی هەڵبژاردەكانی ژاپۆن، ڤێتنام و ئیندۆنیزیا یاریی دەكات. بڕیاریشە عێراق كەمپێكی مەشق و راهێنان لە ئیمارات بكاتەوە پێش دەستپێكی جامی نەتەوەكانی ئاسیا.

 

Fly Erbil Advertisment