رۆمیۆ هەکاری: هیچ رەچاوی خەڵکی پێکهاتەکان نەکراوە لە دابەشکردنی کورسی کۆتاکاندا

K24 - هەولێر
سکرتێری گشتی پارتی بەیت نەهرەین رایگەیاند، بۆ هەر پرسێک کە پەیوەندی بە داهاتوو و مافی پێکهاتەکانەوە هەبێت دەبێت پرسیان پێ بکرێت، هەروەها ترسمان هەیە لە بارەی کورسی کۆتاکان بڕیارێکی سیاسی بدرێت.
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتی پارتی "بەیت نەهرەین" بەکوردستان24ـی راگەیاند، تێڕوانینی پێکهاتەکان لەپەرلەمانی کوردستان ئەوەیە بۆ هەر پرسێک کە پەیوەندی بە داهاتوو و مافی پێکهاتەکانەوە هەبێت دەبێت پرسیان پێ بکرێت، نەوەک بەوشێوەیە کە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێک دەربکات، لەبەرژەوەندی پێکهاتەکان نەبێت.
گوتیشی: چەندین کۆبوونەوەمان لە پەرلەمان کردووە داواکارییەکانی خۆمان پێشکەش کردووە، هەروەها بۆچوونی خۆمان سەبارەت بەو هەڵبژاردنە بە ئاشکرا گەیاندووە، باسی ئەوەمان کردووە کە دەبێت هەڵبژاردن بەیەک بازنە بێت، چونکە پێنج خولی پەرلەمانی رابردوو هەڵبژاردن بەیەک بازنەیی بووە.
باسی لەوەشکرد، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەسەر 80 بازنەدا دابەشکرا، تەنیا پێکهاتەکان بەیەک بازنە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کرد، گوتیشی: خەڵکی کلدانی، سریانی و ئاشووری و تورکمانەکان لە هەموو کونجێکی کوردستان بڵاونین، هەروەها دابەشکردنی کورسی کۆتاکان بەوشێوەیە، هیچ رەچاوی خەڵکی پێکهاتەکانی تێدا نییە، بۆ نموونە دوو کورسی بۆ تورکمانەکان لە دهۆک و سلیمانی دانراوە و یەکێکیش بۆ هەولێر، هاوکات رێژەی هەرەزۆری تورکمانەکان لە هەولێرە.
رۆمیۆ هەکاری راشیگەیاند، ئامانجی هەرە سەرەکی لە پشت دواخستنی دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق سیاسییە، دەبێت دادگا سەربەخۆ بێت، بۆیە ترسمان ئەوەیە لە بارەی کورسی کۆتاکان بڕیارێکی سیاسی بدرێت.
پێكهاتهكانی ههرێمی كوردستان داوا دهكهن پرسی كورسی كۆتاكان نهخرێنه ناو كێشه و ململانێ سیاسییهكانهوه و دژایهتی خۆیشیان بۆ ههر ههموار و دهستكاریكردنێكی كورسییهكانیان كه له پهرلهمانی كوردستان به یاسا رێكخراوه، دهردهبڕن.
بەگوێرەى ماددەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسی کۆتا بۆ کلدان، سریان و ئاشوورییهكان تەرخان كراوه، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن و پێنج کورسیش بۆ تورکمانەکان، بهڵام ههندێك لایهن به تۆماركردنی سكاڵا له دادگای فیدراڵی عێراق، ههوڵدهدهن دهستكاری كورسی كۆتاكان بكرێت و كهمبكرێنهوه، ئهمهش بووهته جێی نیگهرانی پێكهاتهكان له ههرێمی كوردستان.
ئەمە لەکاتێکدایە دوو سکاڵا لە دژی کورسی کۆتاکان و شێوازی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراون.
بریاربوو رۆژی چوارشەممە، 27-12-2023، دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی لە بارەی سکاڵایەک لە دژی یاسایەکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی کورسی کۆتاکان کۆببێتەوە، بەڵام دانیشتنەکە بۆ جاری حەوتەم دواخرا بۆ 21-1-2024.