پەرلەمانتارێک: 500 پۆلیس لە شنگال دامەزراون
K24 - هەولێر
پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی شنگال لە نێوان حکەمەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دامەزراندنی دوو هەزار و 500 پۆلیس بووە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا 500 پۆلیس دامەزراوە.
شەریف سلێمان، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا خاڵەکانی رێککەتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە، تەنیا خاڵێک کە جێ بەجێکراوە دامەزراندنی 500 پۆلیس بووە کە لە ئێستادا هەندێکیان خولی مەشق و راهێنانەکانیان تەواو کردووە، هەندێکیش بەردەوامن کە خولەکە.
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: بەگوێرەی رێککەوتنی شنگال دەبوایە دوو هەزار و 500 پۆلیس دابمەزرێندرێن، کە هەزار و 500 یان لە ئاوارەکانن، هەزاریش خەڵکی دەورووبەری شنگالن، بەڵام تاوەکو ئێستا 500 پۆلیس دامەزراون.
بەگوتەی شەریف سلێمان رێککەتنی سەرەکی شنگال بریتیە لە چوار خاڵ کە ئەوانیش، خزمەتگوزاری، ئەمن و ئاسایش، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق جددی نییە لەسەر جێ بەجیکردنی رێککەوتنی شنگال.
رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2020، بەچاودێری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا واژووکرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکهاتووە.
رێککەوتنەکە دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی شنگال هات، دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، شارەکەیان لە دەست چەکدارانی داعش ئازادکرد.