تورکێش عزەدین: مافی خۆمانە پۆستی پارێزگار وەرگرین

تورکێش عزەدین
تورکێش عزەدین

K24 – هەولێر :

سەرکردەیەکی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک دەڵێت : مافی خۆمانە داوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک بکەین، کە پۆستەکە وەردەگرین، دەبینن چ گۆڕانکارییەک لە کەرکووک روودەدات.

تورکێش عزەدین سەرکردە لە بەرەی تورکمانی لە کەرکووک بە کوردستان24-ی راگەیاند: وەک بەرەی تورکمانی چەندین سکاڵایان تۆمارکردووە، رۆژانی داهاتووش تانە و سکاڵایان دەبێت، چونکە گومانیان لە یاسا و هاوکێشەی هەڵبژاردن هەیە، دەڵێت: ئێمە وەک بەرەی تورکمانی دەرگەمان بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراوەیە بۆ ئەوەی هاوپەیمانی دروستبکەین، گفتوگۆ لەگەڵ تەواوی لایەنەکان دەکەین بۆ ئیدارەدانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، مەرجی خۆمان بێ هێڵی سوور هەیە ، دەمانەوێ نوێنەرێکی راستەقینەمان هەبێت و پۆستەکان بە یەکسانی دابەش بکرێت.

لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکیش گوتی: پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا مافی خۆمانە، ئێمە داوای پۆستی پارێزگار دەکەین، عەرەب و کورد پۆستەکەیان پێشتر وەرگرتووە ، دیسان پۆستی پارێزگار لای عەرەب بووە، ئێمەش خۆمان بە شایستە دەزانین، پێکهاتە تورکمان لە شارەکەی خۆیان مافی خۆیانە ئەو مافەیان پێ بدرێت، دەشڵێت: زۆر نزیکین لە پۆستی پارێزگار، هەموو ئەو ماوەیە تورکمان مافی خۆی وەرنەگرتووە، تورکمانەکان تاقی بکەنەوە کاتێک پۆستی پارێزگاری دەبێت، بۆ ئەوەی ببینن چ گۆڕانکارییەک لە کەرکووک روودەدات.

Fly Erbil Advertisment