ئیسرائیل بۆ ئاگربەست تاوتوێی پێشنیازێک دەکات

K24 - هەولێر

ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل پێشنیاری ئازادکردنی 50 بارمتە لە غەززە لە بەرامبەر ئاگربەستی بۆ ماوەی مانگێک کردووە.

کەناڵی 12ی عیبری بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل تاوتوێی پێشنیارێکی قەتەری کردووە، بۆ ئازادکردنی 40 تا 50 بارمتەی ئیسرائیلی لە غەززە، لە بەرامبەر ئاگربەستێک بۆ ماوەی مانگێکی تەواو لە کەرتی غەززە.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیاری قەتەر ئازادکردنی زیندانیانی فەڵەستین ئەوانەی بە سزای توند لە زیندانەکانی ئیسرائیلن لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردندا بگرێتەوە.

هەروەها قۆناغی دووەم پێدەچێت ئاڵۆزتر بێت، هێشتا وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکراون، بەڵام مەزەندە دەکرێت بۆ یەکلایی کردنەوەی کشانەوەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، گوتیشی: تا ئێستا بزووتنەوەی حەماس و تەلئەبیب وەڵامی ئەو پێشنیارەی قەتەری نەداوەتەوە، بەڵام پێدەچێت دۆخەکە لە پێشووتر باشتر بێت.

شەڕ و پێکدادانەکان لە کەرتی غەززە بۆ رۆژی 86 بەردەوامی هەیە، لەگەڵ بەردەوامی بۆردومانی چڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانیشتووانی غەزە لە دۆخێکی خراپی مرۆیی دان، هاوکات هەڵکشانی بەرەی لوبنان و یەمەن زیاتر دەبێت.

ژمارەی قوربانیانی کەرتی غەززە 21 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 55 هەزار برینداریش تۆمارکراوە، هەروەها سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە زیاتر لە 500 سەرباز لە شەڕەکانی کەرتی غەززە کوژراون.

ئا: لاڤین عومەر