حکومەتی ناتانیاهۆ کار لەسەر دەرکردنی رێکخراوی ئۆنروا دەکات لە کەرتی غەززە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی هەواڵی میدیاییەکی ئیسرائیلی، حکومەتی ئیسرائیل کاردەکات بۆ دوورخستنەوەی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین "ئۆنروا" لە کەرتی غەززە.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، لە راپۆرتێکی زۆر نهێنی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلدا هاتووە، ئەم هەنگاوە لە سێ قۆناغدا ئەنجام دەدرێت، "یەکەمیان ئاشکراکردنی هاوکارییە گوماناوییەکانی نێوان ئۆنروا و حەماسە"، قۆناغی دووەم "کەمکردنەوە هاوکارییەکانی ئۆنروا لە کەرتی غەززە، هەروەها گەڕان بەدوای رێکخراوە جیاوازەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ فەڵەستینییەکان لە غەززە".

ئاماژەبەوەشکرا، قۆناغی سێیەم "پرۆسەی گواستنەوەی هەموو ئەرکەکانی ئۆنروا دەبێت، بۆ ئەو دەزگایەی کە دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکە فەرمانڕەوایی غەززە دەکات".

راپۆرتەکەی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی راشیگەیاند، کە پلانەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل دەکرێت.

هەفتەی رابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان سیگرید کاگی هۆڵەندی وەک رێکخەر بۆ سەرپەرشتیکردنی ناردنی فریاگوزاری مرۆیی بۆ غەززە دەستنیشان کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی بڕیارنامەیەکدا کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامانجی زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان دەریکرد.

نەتەوە یەکگرتووەکان روونیشیکردەوە، میکانیزمێک دادەمەزرێنێت بۆ خێراکردنی گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ غەززە لە رێگەی ئەو وڵاتانەی کە بەشدار نین لە ململانێکان.

بەپێی ئەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی ئۆنروا لە غەززە، تۆماس وایت، رایگەیاندووە، رۆژی هەینی سوپای ئیسرائیل تەقەی لە یەکێک لە کاروانەکانی هاوکارییەکانی ئۆنروا کردووە لە کەرتی غەززە.

لەم چوارچێوەیەدا، فیلیپ لازارینی، کۆمیساری گشتی  ئۆنروا، لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی ئیسرائیل کە رێکخراوەکە تۆمەتبار دەکەن بە یارمەتیدانی حەماس و گواستنەوەی هەندێک هاوکاری مرۆیی راستەوخۆ بۆی، گوتی: ئیسرائیل "کەشێکی زانیاری چەواشەکارانە و بێ بنەمای دروستکردووە کە هیچ بنەمایەکی نییە"، جەختیشی لەوەکردەوە، "تەنانەت دوای کردنەوەی دەروازەی کەرەم ئەبو سالم، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رێگەی مرۆیییان بۆ غەززە سنووردار کردووە، لە رێگەی بۆردومان و تێکدانی پەیوەندییەکان و تۆڕەکانی ئینتەرنێت بۆ ماوەیەکی زۆر.

پێشتر رێکخراوی ئۆنروا رایگەیاندبوو، لە ئەنجامی شەڕی کەرتی غەززە 132 کارمەندیان کوژراوە.