کوەیت لەسەر کوژرانی هاووڵاتییەک داوای روونکردنەوە لە عێراق دەکات
K24 - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت داوای لە حکومەتی عێراق کرد، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا راپۆرتێکی فەرمی سەبارەت بە کوژرانی یەکێک لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی و هاوەڵە سعوودییەکەی لە ناوچەی سوکەریات لە بیابانی سەڵاحەدین لە عێراق پێشکەش بکات.
ئەمڕۆ شەممە، 30 کانوونی یەکەمی20232، شێخ سالم عەبدوڵڵا، وەزیری دەرەوەی کوەیت بە رۆژنامەی "القبس" کویتی رایگەیاند، لە رێگەی باڵیۆزخانەکەمانەوە لە بەغدا، بە فەرمی داوامانکردووە حکومەتی عێراق روونکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوشتنی هاووڵاتییە کوەیتیەکە و هاوەڵە سعوودییەکە بدات، کە رۆژی سێشەممەی رابردوو تەرمەکانیان دۆزاوەتەوە.
گوتیشی: "چوارشەممەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە دەرکردووە".
وەزیری دەرەوەی کوەیت، راشیگەیاند: "لە راپۆرتەکانی عێراقدا دەبێت باس لە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوەیتی و سعوودییە بکرێت ".
ئەوەشی خستەڕوو: "بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستماندایە لیژنەکە چوونەتە شوێنی رووداوەکە، چاوەڕێی راپۆرتی فەرمی دەکەین، لەسەر هۆکاری ئەم رووداوە، تاوەکو ئەنجامی راپۆرتەکە ببینین".
هەروەها دەشڵێت: "ئێستا تەواوی سەرنجمان لەسەر ئەو دوو قوربانییە، بەناوەکانی فەیسەڵ موتەیرییە و ئەنوەر دەفیری بۆ ئەوەی بەسەریان هاتووە".
لای خۆشییەوە باڵیۆزخانەی سعودییە لە عێراق جەختی کردەوە، کە بەدواداچوون لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات، سەبارەت بە کوشتنی ئەو هاووڵاتییە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی.
چاودێرانیش پێیان وایە کوشتنی ئەو هاووڵاتییە کوەیتییە و هاوەڵە سعوودییەکەی، گرژییەکانی پەیوەندییەکانی کوەیت و عێراق زیاتر دەکات.
دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە ساڵی 2003، عێراق هەوڵیدا کۆتایی بە گرژیی و ئاڵۆزییەکان لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوەیت و عێراق لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی کەنداو بهێنێت.
بەرپرسانی عێراق چەندین جار سەردانی کوەیتیان کرد، هاوکات بانکی ناوەندی عێراق لە ساڵی 2021دا خەرجکردنی تەواوی ئەو قەرەبووە داراییەی راگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندی کردبوو بۆ کوەیت، کە بەهۆی شەڕی کەنداوەوە بڕی 4.52 ملیار دۆلار بوو، ئەمە جگە لە گەڕانەوەی پاشماوەکان لە سەربازانی کوەیت کە لە جەنگی دووەمی کەنداودا کوژران.
ئا: لاڤین عومەر