کاروان جەلال: پێویستە کۆمسیۆن روونکردنەوە لە بارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدات
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی داتا و زانیاری لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، راگەیاندنی دوو ژمارەی جیاوازی دەنگەکان، تێبینی و پرسیاری لەسەر دەنگەکان دروستکرد، بۆیە پێویستە کۆمسیۆن ئەو بابەتانە یەکلایی بکاتەوە.
کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی داتا و زانیاری لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردن لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان گوتی: "کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرەتا سەدا 94.4ـی دەنگەکانی راگەیاند، تەنیا 5.6 دەنگەکان مابوو، بەڵام وەک ژمارە کۆمسیۆن لە ئەنجامی کۆتایی زیاتر لەو ژمارەی راگەیاند، 6.37ـی دەنگەکان بوو، بۆیە تێبینی و پرسیار لەسەر دەنگەکان دروستبوو.
کاروان جەلال باسی لەوەشکرد، پێویستە کۆمسیۆن روونکردنەوە بدات ئایا لەو ژمارەیە هەڵەی کردووە، بۆیە پێویستە کۆمسیۆن ئەو بابەتانە یەکلایی بکاتەوە، ئەمەش دوای سکاڵاکردن دەبێت. کە سکاڵاکان کاری قەوارە سیاسییەکان و حزبەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. ئاماژەی بەوەشکرد، دوو جۆر سکاڵا هەیە کە یەکێکیان سکاڵاکردنە لە پرۆسەکە لە رۆژی هەڵبژاردندا.
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، لە چەند شوێنێک لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا هەندێک لە ئامێرەکان لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە کارییان نەکردووە، کە پێویستبوو لە کاتژمێر 7ـی بەیانی ئەو ئامێرانە دەستبەکارکردن بکەن، بەنموونە لە حەسەن شام 485 دەنگدەر مافی دەنگدانیان پێنەدراوە، لەکاتی هێنانی ئامێری یەدەگیش کێشەکە چارەسەر نەکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بێت و کۆمسیۆن بەبێ لایەنی سەیری پرۆسەکە بکات، سکاڵا و تانەدان کاریگەری زۆری دەبێت، بۆیە کۆمسیۆن دەبێت رژد بێت لەسەر سکاڵا و تانەکان چونکە دەبێت پارێزگاری لەو متمانەیە بکات بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.