نیویۆرك تایمز ئاشكرایده‌كات رۆژی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر سوپای ئیسرائیل خه‌ریكی چی بوون
K24 - هەولێر:
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی له میانه‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌وه‌ی ئاشكراكردووه، رۆژی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو سوپای ئیسرائیل له‌كێ و خه‌ریكی چی بوون و رۆڵیان به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشه چی بووه.
رۆژی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو، بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی له كه‌رتی غه‌ززه‌وه هێرشیكرده سه‌ر ئیسرائیل و به گوێره‌ی ئاماره‌كان 1400 ئیسرائیلی كوژران و 240 بارمته‌ی ئیسرائیلی كه‌وتنه ژێر ده‌ستی حه‌ماس.
سوپای ئیسرائیل له دوای حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر چه‌ندین هێرشی ئاسمانی و وشكانی بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه ئه‌نجامداوه، بووه‌ته هۆی كوژرانی 21 هه‌زار كه‌س و برینداربوونی زیاتر له 52 هه‌زار كه‌سی دیكه.
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز له‌مباره‌یه‌وه ئاشكرایكردووه، رۆژی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر سوپای ئیسرائیل پلانێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه تاكو بتوانێت رووبه‌ڕووی حه‌ماس ببێته‌وه.
رۆژنامه‌كه بۆچوونی ئه‌میر ئه‌ڤیڤی جێگری پێشووی سه‌رۆكی فیرقه‌ی غه‌ززه‌ی سوپای ئیسرائیلی وه‌رگرتووه و رایگه‌یاندووه، سوپای ئیسرائیل له حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر پلانی بۆ هێرشێكی له‌ناكاوی هاوشێوه‌ی حه‌ماس نه‌بووه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، یاگووڤ عه‌میدرۆ راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل به رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی راگه‌یاندووه، سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشێكی له‌مشێوه ئاماده نه‌كردبوو.
رۆژنامه‌كه روونیشیكرده‌وه، سوپای ئیسرائیل بۆ كاتێكی دوورودرێژ نه‌یتوانی بیر له قه‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس بكاته‌وه، بۆیه وه‌ڵامی له‌سه‌رخۆ بوو و چه‌ند فیرقه‌یه‌كی بچووك و نائاماده‌ی بۆسه‌ر سنووره‌كانی غه‌ززه نارد، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هێرشی به كۆمه‌ڵی حه‌ماس ببنه‌وه.
له راپۆرته‌كه‌ی رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزدا هه‌روه‌ها هاتووه، ئه‌و رۆژه‌ی حه‌ماس هێرشیكرد، سوپای ئیسرائیل گرفتی كه‌می سه‌رباز و خۆ رێكخستنه‌وه‌یان هه‌بوو، به‌و ئاسته‌ی كه ئه‌وان له رێگه‌ی واتسئه‌پ و تێلیگرامدا بانگه‌وازیان ده‌كرد تاكو حه‌ماس به‌ئامانج بگرن.
رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه، سوپای ئیسرائیل له ئێستادا له‌هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی حه‌ماسه، یاخوود هه‌وڵده‌دات له‌ناویان ببات.
پێشتریش ئه‌و رۆژنامه رایگه‌یاندبوو، ئیسرائیل به‌ر له هێرشی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر، ترسی له ئێران و حزبوڵڵا هه‌بوو، هیچ كات ترسی له بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس نه‌بووه.