پۆلیسی هەولێر: لە شەوی سەری ساڵدا سەروماڵی هاووڵاتییان دەپارێزین
K24 – هەولێر:
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، گشت هێزەکانمان لە دوێنێ شەوەوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.
عەقید هەیسەم، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، پلانێکی تۆکمە دانراوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانمان لە ئاهەنگەکانی شەوی سەری ساڵ، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی هێزەکانی ئاسایش لە هەموو شوێنەکان بڵاوەیان پێکراوە.
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، دەڵێت: ئەمساڵ لە هەموو کوچە و کۆڵانێکدا هێزەکانی نەهێشتنی تاوانی تێیدا جێگیرکراوە بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان. گوتیشی: گشت هێزەکانمان لە دوێنێ شەوەوە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.
عەقید هەیسەم، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لە هەموو ئەو شوێنانەی کە ئاهەنگی تێیدا ئەنجامدەدرێت هێزەکانی پۆلیس و نەهێشتنی تاوان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و ئەو کێشانەی کە پار ساڵ روویاندا، ناهێڵین ئەمساڵ دووبارە ببێتەوە.
رۆژی شەممە (30ی کانوونی یەکەمی 2023)، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24 ی راگەیاند، لە هەموو بوارەکاندا پلانی تۆکمە دارێژراوە، لەوانەش پلانی ئەمنی بۆ شەوی سەری ساڵ، کە هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، بەرگری شارستانی، نەهێشتنی تاوان، پۆلیسی هاتوچۆ و تیمەکانی تەندروستی، لە هەندێ شوێنیش سوود لە هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی وەردەگیرێت لە سەنتەری (شار و دەوروبەری) و عەنکاوە، ئەو پلانە تۆکمە ئەمنییە لەپێناو ئەوەی هاووڵاتیانی شاری هەولێر کاتێکی خۆش بەسەر ببەن، جێبەجێدەکرێت.