زێلێنسکی بەڵێن دەدات لەساڵی 2024دا هێزەکانی رووسیا وێران بکات
K24 - هەولێر
سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدیمێر زێلێنسکی لە پەیامێکیدا بۆ ساڵی نوێ بەڵێنی دا بە وێرانکردنی هێزەکانی رووسیا کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتەکەی.
زێلێنسکی گوتیشی: ساڵی داهاتوو دوژمن تووشی بەڵای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئێمە دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکرانیا لە ساڵی 2024دا یەک ملیۆن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جبەخانەی خۆیدا دەبێت، ئەمە جگە لە فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16 کە لەلایەن هاوبەشە رۆژئاواییەکانییەوە دابینکراوە.
زێلێنسکی لە پەیامەکەیدا بەبۆنەی ساڵی نوێ رایگەیاند، دوای کەمتر لە 72 کاتژمێر رووسیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر شارەکانی ئۆکرانیا کە 39 کەسی کوشتووە، ئەمەش بەیەکێک لەگەورەترین هێرشەکان دادەنرێت لەوەتەی شەڕ دەستی پێکردووە.
سەرۆکی ئۆکرانیا دەشڵێت: "فڕۆکەوانەکانمان شارەزاییان هەیە لە فڕۆکەی ئێف 16، بەدڵنیاییەوە بەم زوانە لەئاسمان دەیان بینین، جا ئەوکات دوژمن دەبینێت توڕەیی ئێمە چۆنە".
لەکۆتایی پەیامەکەیدا داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد بەردەوام بن لەسەر هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا، دەشڵێت: "ئۆکرانییەکان لە هەموو پلانێک بەهێزترە" هەروەها هۆشداریشی دا لە "هەموو هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی پاڵپشتی جیهانی و تێکدانی هاوپەیمانی هاوپەیمانەکانمان".