کیم جۆنگ ئون هەڕەشەی لە ناوبردنی واشنتن و سیئۆل دەکات
K24 - هەولێر
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بە سەرکردە سەربازییەکانی راگەیاندووە، ئەگەر رووبەڕووبوونەوەی سەربازی هەڵبژێرن، دەبێت بەهێزترین ئامرازەکان بۆ لەناوبردنی ئەمەریکا و کۆریای باشوور کۆبکرێنەوە.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2024، کیم جۆنگ ئون رایگەیاندووە، مەترسی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نیمچە دورگەی کۆریا بەخێرایی زیاد دەکات، بەهۆی ئەو مانۆڕانەی کە لەلایەن دوژمنانەوە ئەنجامدەدرێت، لەنێویاندا ئەمەریکا، ئەمەش پێویستی بەوەیە وڵاتەکە ئامادەکارییەکی باش بکات بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت.
ئاژانسەکە لە زاری کیمەوە بڵاویکردووەتەوە: "ئەگەر ئەوان رووبەڕووبوونەوەی سەربازی هەڵبژێرن و ئاگر لەشەڕ بەر بدەن، دەبێت هەموو ئامرازە بەهێزەکان کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی گورزێکی کوشندەیان لێبدەین و بە تەواوی لەناویان ببەین".
ئاماژەی بەوەشکردووە، کیم دوێنێ لە بارەگای پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار پێشوازی لە سەرکردە باڵاکانی سەربازی کردووە بۆ پیرۆزبایی دەستکەوتەکانی ساڵی 2023.