شاژنی دانیمارک واز لە تەختی پاشایەتی دەهێنێت

K24 - هەولێر
شاژنی دانیمارک رایگەیاند، لە 14ی ئەم مانگەدا دەست لە تەختی پاشایەتی هەڵدەگرێت.
شاژنی دانیمارک مارگرێتی دووەم، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وێڕای پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێ لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی، گوتی: "لە 14ـی 1ی 2024، دوای 52 ساڵ لە وەرگرتنی تەختی پاشایەتی بۆ جێگرتنەوەی باوکم، دەست هەڵدەگرم بۆ دوو کوڕەکەمی جێدەهێڵم، فریدریک شازادەی جێنشین رەنگە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت".
مارگریتی دووەم، کە ئێستا تەمەنی 83 ساڵە، دەڵێت: "دوای ئەو نەشتەرگەرییەی کە بۆم کرا پرسیارم بۆ دروست بوو لەبارەی داهاتوو، کە ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بەرپرسیارێتییەکان بگوازمەوە بۆ نەوەی داهاتوو؟".
شاژن مارگریت، بەرجەستەیەکی راستەقینەی دانیمارکە، بەدرێژایی ساڵانیش لە رێگەی لێدوانەکانیەوە ناسنامەی گەل و نەتەوەیەک دانیمارکی دەربڕیوە.
ساڵی 1953 دەستووری دانیمارک قەدەغەی کردبوو کە ژنێک لە وڵاتەکەدا بەرپرسیاریەتی تەختی پاشایەتی بگرێتە ئەستۆ، بەڵام دوای ریفراندۆمێک لەژێر فشاری حکومەتی دانیمارک کە خواستیان سیستەمی مۆدێرن بوو، هەموارکرایەوە.
مارگریتی دووەم، لە دوای مردنی باوکی لە ساڵی 1972 دەسەڵاتی پاشایەتی گرتووەتە دەست، بەشداری کردووە لە مۆدێرنکردنی دەسەڵاتی پاشایەتی لە دانیمارک، هەروەها شاژن هاوسەرەکەی لە ساڵی 2018 کۆچی دوایی کردووە، بەڵام بەهۆی نەشتەرگەرییەوە لە مانگی شوباتدا کە بۆ پشتی شاژن کراوە، تا مانگی نیسان نەیتوانیوە لەبەردەم خەڵکدا دەربکەوێت.
لە دوای مردنی کەسوکاری ئەلیزابێسی دووەمەوە، مارگرێت بووەتە تاکە شاژن کە حوکمڕانی وڵاتێکی ئەوروپی بکات. زیاتر لە 80%ی دانیمارک لایەنگری دەسەڵاتی پاشایەتین. لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە هەزاران کەس بەشدارییان لە ئاهەنگەکانی 50 ساڵەی دەست بەکاربوونی شاژن لەسەر تەختی پاشایەتی کردووە.
ئا: لاڤین عومەر