سەربازێکی ئیسرائیل بەهۆی "کۆمەڵکوژییەکانی غەززەوە" خزمەتی سەربازی رەتدەکاتەوە

"هاوسۆزی خۆم لەگەڵ خەڵکی بێتاوانی غەززە دەردەبڕم، دەزانم ئەوان دەیانەوێت بژین"

تال میتینک لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دژی داگیرکاری ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ
تال میتینک لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دژی داگیرکاری ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ

K24 - هەولێر

گەنجێکی جولەکە بەناوی "تال میتنیک"ـی تەمەن 18 ساڵ کە خەڵکی تەلئەڤیڤە رایگەیاند، "رەتکردنەوەی خزمەتی سەربازی بەو ئامانجە بووە کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی ئیسرائیل دابنێم، بۆ دوورکەوتنەوە لە بەشداریکردن لە داگیرکاری و ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە غەززە روودەدات".

"تال میتنیک" لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی سەرکردایەتی سوپا و رای گشتیی کردووە دەڵێت: "هەوڵ دەدەم بڵێم ئەوەی سوپا لە غەززە جێبەجێی دەکات، لەگەڵ مندا ناگونجێت، قبوڵ ناکەم کە بە ناوی منەوە یان بە ناوی هێزە ئەمنییەکانەوە کۆمەڵکوژیی بکرێت، کە هیچ دەستکەوتێکی نابێت، نەخێر، هاوسۆزی خۆم لەگەڵ خەڵکی بێتاوانی غەززە دەردەبڕم، دەزانم ئەوان دەیانەوێت بژین، شایستەی ئەوە نین بۆ دووەمجار لە ژیانیاندا ئاوارە بن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ کێشەیەکی سیاسی نییە، بۆیە من رەتیدەکەمەوە بچمە ناو سوپایەکەوە کە پێی وایە کێشەی راستەقینە دەتوانرێت پشتگوێ بخرێت، لەژێر دەسەڵاتی حکومەتێکدا کە تەنها لە سیاسەتی ئازارو خەم تێدەگات، گۆڕانکاری لە سیاسەتمەدارە گەندەڵەکانی ئێرە روونادات"، ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئێمەی کوڕ و کچانی هەردوولا پشتڕاستی دەکەینەوە کە ئەو توندوتیژییەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لەلایەن سوپاوە ئەنجامدراوە، ئێمە ناپارێزێت".

میتنیک پێی وابوو کە خوێنڕشتن، لە راستیدا لە بازنەی توندوتیژیی سوپادایە، ئەم سوپایە "لە بەڵێندەرێک زیاتر نییە بۆ پاراستنی داگیرکاری و پڕۆژەی نیشتەجێکردن، هەروەها لە ساتەوەختێک وازی لە خەڵکی باشوور و هەموو وڵاتەکەی هێنا".

ئەو هاووڵاتییە ئیسرائیلییە، لە نامەکەیدا نووسیویەتی: "لە 7ـی ئۆکتۆبەردا کۆمەڵگەی ئیسرائیل تووشی شۆکێکی بێ وێنە بوو لە مێژووی وڵاتەکەدا، حەماس لە هێرشێکی ترسناکدا سەدان کەسی مەدەنی بێ تاوانی کوشت و سەدان کەسی دیکەی رفاند، ئەو پێی وابوو کە دوای ئەو هێرشە تیرۆریستییە، "هەڵمەتێکی تۆڵەسەندنەوە نەک تەنها لە دژی حەماس، بەڵکو لە دژی هەموو گەلی فەڵەستینیش دەستیپێکرد"، بۆردومانی بێ جیاوازی گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون و کەمپەکانی پەنابەران لە غەززە کرا، هەروەها سەرکوتی سیاسی بەرفراوان لە ناوخۆی ئیسرائیلدا دەستیپێکرد.

ئەو گەنجەی رەتیکردەوە خزمەتی سەربازی لە ئیسرائیل بکات، گوتی: بەردەوامی توندوتیژی چارەسەر نییە، بۆیە رەتیدەکاتەوە باوەڕ بەوە بکات کە توندوتیژی ئەمن و ئاسایش بەرقەرار بکات، دەڵێت: لەبەر ئەوە رەتیدەکەمەوە بەشداری شەڕی تۆڵەسەندنەوە بکەم.

سوپا ئەو گەنجەی بانگهێشت کردبوو بۆ "لیژنەی ویژدان" لە سوپای ئیسرائیل کە چوار ئەفسەر و کەسێکی مەدەنی لەخۆدەگرێت، ئایا بە هۆکاری ویژدانی راستەقینە رەتیدەکاتەوە خزمەت بکات، یان پاڵنەرێکی سیاسی لەپشتە بۆ هاندانی سەربازەکانی دیکە، دواتر بەو ئەنجامە گەیشتن کە بە هۆکاری ویژدان ناڕەزایی بەرامبەر شەڕەکە دەرنەبڕیووە، بۆیە سزای 100 رۆژ زیندانی سەربازیی بەسەردا سەپێندرا، ئەمەش بووە یەکەمین کەس بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین رەتکردنەوەی خزمەتی سەربازی لەم شەڕەدا دادگایی بکرێت.

میتنیک گەنجێکی چالاکی سیاسییە، هەروەها بەشداری خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پلانی حکومەت بۆ رووخاندنی سیستەمی حوکمڕانی و سیستەمی دادوەری کرد، بۆ ماوەی 10 مانگ پێش ئەوەی جەنگ دەستپێبکات.