فراکسیۆنی پارتی داوا لە سوودانی دەکات لێپرسینەوە لەگەڵ گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بکات
K24 - هەولێر
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرش و کردەوە تیرۆریستییە دەکات، کە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە باکووری هەولێر کردە ئامانج، داواش لە محەممەد شیاع سوودانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات، گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرجووەکان رابگرێت و رووبەڕووی یاسایان بکاتەوە.
لە راگەیەندراوی فراکسیۆنی پارتی هاتووە: "دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە لایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکان، بە شتێکی قبوڵنەکراو و پێشهاتێکی مەترسیدار دادەنرێت، کە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و سەلامەتی هاووڵاتیانی دەکاتە ئامانج، هەروەها ئاماژەیە بۆ لاوازییەکی گەورە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە لە مامەڵەکردنی جددی و یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئەم گرووپانەدا، کە پاڵپشتی داراییان بۆ دابین دەکرێت و چەکدار دەکرێن لەلایەن ئەو لایەنانەی کە نایانەوێت سەقامگیری لە عێراق هەبێت".
فراکسیۆنی پارتی لەو پەیامەدا دەڵێت: "داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەین، هەنگاوی خێرا و بەپەلە بگرێتەبەر، ئەو گرووپە لە یاسا دەرچوانە و ئەوانەی هاوکاریان دەکەن رابگرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، رووبەڕووی یاسایان بکاتەوە، کار بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی عێراق بکات، و لێکۆڵینەوە بکات لە شوێنی ئاڕاسەتەکردنی ئەو فڕۆکە بۆمبڕێژکراوانە و شێوازی هاوردەکردنیان و ئەو لایەنانەی کە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بەم فڕۆکانە پڕچەک دەکەن".
لە بەشێکی دیکەی ئەو راگەیەندراوە هاتووە: "ھەرێمی کوردستان بە سەرسەختی دەمێنێتەوە بەرامبەر بەو کەسانەی کە ھەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی دەدەن و مەترسی لەسەر سەلامەتی ھاووڵاتیانی دروست دەکەن و ئەم هەوڵە نائومێد و بەدبەختانە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان ی پڕشکۆ سەرکەوتوو نابێت".