450 بڕوانامەی ساختە لە دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق ئاشکرا کرا
K24 - هەولێر
وەزیری پەروەردەی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 450 بڕوانامەی ساختە لە دامودەگا جیاوازەکانی حکومەتی عێراق ئاشکرا کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی کانوونی دووەمی 2024، ئیبراهیم جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە توانیویەتی دەست بەسەر 450 بڕوانامەی ساختە لە دامودەزگا جیاوازەکانی حکومەتی عێراق بۆ ساڵی 2023 بگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە رێگای لیژنە شارەزاکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان، راپۆرتی لێکۆڵینەوە لەسەر ساختەکاری تەواوکراوە و بڕیاریان لەسەرداوە، لە ئێستا گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ساختەکردنی بڕوانامەکان گیراوەتەبەر".
وەزیری پەروەردەی عێراق، جەختیشیکردەوە "دەبێت ئەم دیاردەیە کە کاریگەری لەسەر خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی وڵات کردووە کەمبکرێتەوە، لەپێناو گرنگی پاراستنی بڕوانامەی ئەکادیمی و پێگەی کۆمەڵایەتی".
گوتیشی: "بەردەوام دەبین بۆ نەهێشتنی بڕوانامەی ساختە لە عێراقدا".
ئا: لاڤین عومەر