سامان سۆرانی: حەماس دژی دامەزراندنی دوو دەوڵەتە

K24 – هەولێر:
پسپۆرێکی زانستە سیاسییەکان دەڵێت: بە کووشتنی ساڵح عارووری جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل قوڵتر دەبێت و درێژە دەکێشێت، بەهۆی ئەوەی حەماس هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدات.
سامان سۆرانی، پسپۆری زانستە سیاسییەکان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، کووشتنی ساڵح عارووری وەک کووشتنی سەرکردەکانی دیکەی حەماس لە رابردوودا کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر حەماس، هەروەها ئەو کارە هانیان دەدات زیاتر بەرگری بکەن و زیاتر یەکگرتوو بن لە دژی ئیسرائیل.
ئەو پسپۆرەی زانستە سیاسییەکان، ئاماژەی بەوەدا، ساڵح عارووری پلاندانەری ئەو هێرشە بووە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس کردییە سەر ئیسرائیل و بە ئەندازیاری تۆفانی ئەقسا دەناسرێت، هەروەها ئیسرائیل تا ئێستا دانی بە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە نەناوە، بەڵام هەموو لایەنێک ئاماژە بەوەدەکەن کە ئیسرائیل ئەو کردەوەی ئەنجامدابێت.
سامان سۆرانی، گوتی: ئەو تەقینەوەی دوێنێ روویدا لە لبنان لەو شوێنە روویدا کە حزبووڵڵا دەسەڵات و هەژموونی خۆی لەوێدا هەیە، بۆیە حزبووڵڵا پێی وایە ئەو تەقینەوەیە بۆسەر سەروەری خۆیانە.
ئەو پسپۆرەی زانستە سیاسییەکان، باسی لەوەکرد، ئیسرائیل مەبەستێتی جەنگەکە فراوانتر بێت و وڵاتانی دیکەش تێوەبگلێنێت، هەروەها ئەوەی کە مەبەستی سەرەکییەتی فراوانترکردنی هەژموون و خاکی خۆیەتی کە دەرفەتێکە بۆی هاتووەتەپێش ئەنجامی بدات.
سامان سۆرانی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەمەریکا خواستی لەسەر دوو دەوڵەتە، چونکە وەک خۆیان ئاماژەیان پێدەکەن تەنیا لە رێگەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین لە تەنیشت ئیسرائیل، دەتواندرێت کێشەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل چارەسەر بکرێن.
ئەو پسپۆرەی زانستە سیاسییەکان، گوتیشی: حەماس دژی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینە و ئەو لەگەڵ دوو دەوڵەتدا نییە، بەڵکو ئەو دەیەوێت ئیسرائیل لەسەر نەخشەدا بسڕێتەوە.
ئێوارهی سێشهممه (2ـی كانوونی دووهمی 2024) تهقینهوهیهك بهری باشووری شاری بهیرووتی پایتهختی لوبنانی ههژاند و میدیاكانی لوبنانیش ئاماژهیان بەوەکرد، ساڵح عارووری جێگری سهرۆكی مهكتهبی سیاسی حهماس كوژراوه.
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات زیاترلە 240 هاووڵاتی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.
ههروهها بەپێی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە تا ئێستا زياتر له 500 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.