خامەنەئی: تاوانباران پێویستە چاوەڕێی وەڵامێکی توند و دادپەروەرانە بکەن

K24 – هەولێر :
رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامەنەئی دەڵێت: لەسەر تاوانبارە دڵڕەقەکانە، لە ئێستاوە چاوەڕێی گورزێکی وێرانکەر و سزایەکی دادپەروەرانە بن.
ئەمڕۆ چوارشەممە (3ی کانوونی دووەمی 2023)، رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامەنەئی لەبارەی تەقینەوەکانی کرمان لە نزیک مەزاری قاسم سولەیمانی کە بووە هۆی کوژرانی 103 کوژراو و 141 بریندار، گوتی: لەسەر تاوانبارە دڵڕەقەکانە، چاوەڕێی گورزێکی وێرانکەر و سزایەکی دادپەروەرانە بن، دەشڵێت: دەبێت بزانن دروستکردنێکی کارێکی لەو شێوەیە، وەڵامێکی سەختی بەدوادادێت.
رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران نووسیویەتی: بەشداریی هاوخەمی شەهیدەکان دەکەم و لەگەڵیانم، داواشی لەخوای گەورە کردووە ئارامی بەو خانەوادانە بدات، لەگەڵ ئەوەش هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریدارەکان خواستووە.
هەر ئەمڕۆ، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: ئەوانەی تەقینەوەکانی کرمانیان ئەنجامدا، بەکرێگیراوانی ئیسرائیل و ئەمریکان.
لە لایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی وەڵامدانەوەی خێرای تەقیینەوەکانی کرمان بدات.
دەستەی فریاکەوتنی ئێرانی بڵاوی کردەوە، ژمارەی قوربانیانی تەقینەوە تیرۆریستیەکانی کرمان لە نزیک مەزارگەی فەرماندەی سوپای فەیلەقی قودس لە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی، 103 کوژراو و 141 برینداری لێکەوتەوە، لەو کاتەی مەراسیمی یادی چوارساڵەی کوژرانی دەکرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-01-2024، چوار ساڵ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێراندا تێدەپەڕێت، بەوبۆنەوە ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر چووبوونە سەر مەزارگەکەی لە شاری کرمان.
بەرەبەیانی رۆژی 03-01-2020، لە بۆردوومانێکی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکادا، قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران.