ئافرەتانی کوردستان: هێرشی گرووپە لە یاسا دەرچووەکان هەڕەشەیەکی جددییە

تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکانی ئافرەتانی کوردستان
تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکانی ئافرەتانی کوردستان

K24 – هەولێر:

تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکانی ئافرەتانی کوردستان سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەن و بە پێشێلکردنی سەروەری هەرێمی کوردستان ناوی دەبەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024) تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکانی ئافرەتانی کوردستان لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن: هێرشی گرووپە لە یاسا دەرچووەکان هەڕەشەیەکی جددییە.

تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشدا، رێگریکردن لەو هێرشانە ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵی عێراقە و ئەگەر رێکاری پێویست نەگرێتە ئەو کات هەموو لایەک باجی سەرەڕۆییەکانی هێزە لە یاسا دەرچووەکان دەدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی شەممە (30ـی کانوونی یەکەمی 2024)، کاتژمێر 11:45 خولەک، بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر. لەوبارەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا گوتی،"هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە".

لای خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشکەوە رایگەیاند: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین، هەروەها بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی کرد "بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی  بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن".

Fly Erbil Advertisment