تورکیا سنووری قەزاکانی پشدەر و ماوەت بۆردومان دەکات

K24 – سلێمانی:
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند ناوچەیەک لە سنووری قەزاکانی پشدەر و ماوەت بۆردومان دەکات.
رۆژی شەممە (6ـی کانوونی دووەمی 2024) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، فڕۆکەی جەنگی تورکیا، بۆردومانی لوتکەی شاخی جاسوسانی لە زنجیرە چیای قەندیل لە سنوری شارەدێی ژاراوەی قەزای پشدەر کرد.
هەروەها پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت بۆردوومانکرا و هاووڵاتییانی گوندەکە ئاماژە بەوەدەکەن کە زیانی ماددی بە خانووی دانیشتوانی گوندەکە کەوتووە.
لەلایەن خۆیەوە کامەران حەسەن، قائیمقامی قەزای ماوەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: کاتژمێر 5:30ـی ئێوارەی رۆژی شەممە، فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی گوندی زیۆنۆی کردووە کە سەر بە قەزای ماوەتە و بە هۆکاری نزیکی بۆردومانەکە لە گوندەکە، زیان بە بەشێک لە گوندەکە و زەوییە کشتوکاڵیەکان کەوتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.