ئومێد خۆشناو : پلان هەیە ئەمساڵ پرۆژەکان بگەیەنینە قەزا و ناحیە و گوندەکانی سنووری پارێزگای هەولێر

کۆبوونەوەی پاریزگای هەولێر لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانی قوشتەپە
کۆبوونەوەی پاریزگای هەولێر لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانی قوشتەپە

K24 – هەولێر :

پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ یەکەی ئیداری قەزای قوشتەپە ئاماژە بەوە دەکات، بۆ ساڵی تازە  پلان هەیە بەبێ جیاوازی پرۆژەکان بگەیەنینە تەواوی قەزاو ناحیە و گوندەکانی سنووری پارێزگاری هەولێر، وەکو ساڵانی پێشووتر.

ئەمڕۆ یەکشەممە (7ی کانوونی دووەمی 2024)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەر و بەرپرسانى فەرمانگە حکومیەکانى قەزایی قوشتەپە کۆبۆوە.

بەپێی راگەیاندراوێکی پاریزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا قایمقام و بەرپرسانی ئیداری قەزای قوشتەپە، پێویستی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و یەکە ئیدارییەکانیان بە پارێزگای هەولێر هەولێر گەیاند لەپێناو چارەسەرکردنیان، وەک وەڵامێک بۆ داخوازی و چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕیەکانیان، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، لە پلاندایە ئەمساڵ وەکو ساڵانى ڕابردوو، به‌شێوەیەکى یەکسان و بەبێ جیاوازیى لە ناوەندی قەزاکان و ناحییە و گوندەکانى سنوورى پارێزگای هەولێر، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەێنین، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاری هەولێر دڵنیاییدا لەوەی  بەپێی ئەو توانایەی لەبەردەستدایە، خزمەتگوزاری دەگەیەننە هەر ناوچەیەک لە سنووری پارێزگای هەولێر، لەگەڵ ئەوەی هێشتا کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. بەتایبەتیش لە پرسی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی.

قوشتەپە کە (19) کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە، لە ساڵی (1959) کراوەتە ناحیە، بە هۆی فراوانبوونى و زۆری ژمارەى گوندەکانى و لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتییان، لە 21ـی 5ـی 2023، لەبەر گرنگی و فراوانی سنوورەكە، بە فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان قوشتەپە كرا بە قەزا و لە 2023.11.27 بە ئامادەبوونى رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بژار مەلا خدر، لەڕێورەسمێکدا وەک یەکەمین قایمقامی قەزاکە دەستبەکاربوو.

Fly Erbil Advertisment