یانەی زاخۆ لە دژی بڕیارەكەی شوڕتە هاتە دەنگ

لێژنەی تێهەڵچوونەوە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سكاڵایەكەی یانەی شوڕتەی پەسەند كرد و 3 خاڵی یارییەكەی بەرامبەر زاخۆ لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بۆ یانەكەی بەغدا گەڕاندەوە.
لە گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق كە لە رۆژی 12ـی مانگی رابردوو یانەی شورتە لە نێو یاریگەی خۆی (2 ـ 0) لە زاخۆی بردەوە، بەڵام بەهۆی بەشداریكردنی یاریزانانی پیشەگەر بەشێوەیەكی نایاسایی زاخۆ سكاڵای تۆمار كرد و سكاڵایەكەی زاخۆ قبوڵكرا و بە براوە (3 ـ 0) هەژمار كرا.
دواتر یانەی شوڕتە سكاڵای تۆمار كرد و لێژنەی تێھەڵچوونەوە بڕیارەكەی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی ڕەتكردەوە و رایگەیاند و 3 خاڵی یارییەكەی بۆ یانەكەی بەغدا گەڕاندەوە.
یانەی زاخۆ هەرزوو لە بەیاننامەیەكدا جەختی لەوە كردەوە بێدەنگ نابین و لە كورترین ماوە هەڵوێستی خۆمان لەبارەی بێبەشكرانمان لە 3 خاڵی یارییەكە دەخەینەڕوو.
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، یانەی زاخۆ دوو رێگای لەبەردەمە بۆ ئەوەی لەم كەیسە سەركەوتوو بێت، یەكەمیان سكاڵا تۆماركردن لە دادگەی وەرزشی بەغدا، دووەمیان هانا بردنە بۆ دادگای كاس.
