ئوسامه نوجێفی: سوپای توركیا بۆ دژایه‌تی په‌كه‌كه و به ئاگاداری به‌غدا هاتووه‌ته عێراق
هه‌رێمی كارگێڕی باشترین ڕێگه‌یه بۆ مانه‌وه‌ی عێراق به یه‌كگرتوویی
K24 – هه‌ولێر:
ئوسامه نوجێفی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی "موته‌حیدون" ڕایگه‌یاند" ئه‌و هێزانه‌ی سوپای توركیا كه هاتوونه‌ته عێراق و له‌و سه‌ربازگه‌یه‌ی كه ئێستا نیشته‌جێن، بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك سه‌ر به ده‌سته‌ی "حه‌شدی شه‌عبی" بووه و مووچه‌شی تێدا دابه‌شكردووه، به‌ڵام دواتر حكومه‌تی عێراق هاوكارییه‌كانی له‌گه‌ڵمان وه‌ستاند له كاتێكدابه ئاگاداری خۆی تێیدا بووین،دیسان به ئاگاداری حكومه‌تی عێراق سوپای توركیا له چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنێك بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان" په‌كه‌كه" هاتوونه‌ته ئه‌و سه‌ربازگه‌یه.
نوجێفی له وه‌ڵامی پرسیارێكی ڕۆژنامه‌ی "شه‌رقولئه‌وسه‌ت" دا زانیاری له‌باره‌ی هاتنی سوپای توركیا بۆ ناوچه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا خستووه‌ته‌ڕوو، ئه‌وه‌شی ڕه‌تكردووه‌ته‌وه كه ئه‌و هێزه توركییه به داوه‌تنامه و له‌سه‌ر داوای خانه‌واده‌ی "نوجێفی" هاتبنه ده‌شتی نه‌ینه‌وا.
له‌وباره‌یه‌وه گوتوویه‌تی" ئێمه وه‌ك خانه‌واده‌ی نوجێفی، من و ئه‌سیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا، ده‌وڵه‌ت نین هه‌تا بتوانین هێزی ده‌وڵه‌تان په‌لكێشی ناو وڵات بكه‌ین،چونكه ئه‌و هێزانه "120" كیلۆمه‌تر هاتوونه‌ته ناو خاكی عێراقه‌وه و ڕێگهیاندراوه بچه‌نه ناو سه‌ربازگه‌یه‌ك و ڕاهێنانیان به ئه‌ندامه‌كانیان كردووه كه چه‌ند مانگێك سه‌ر به "حه‌شدی شه‌عبی" بوون، به‌ڵام دواتر حكومه‌تی عێراق مامه‌ڵكردنی له‌گه‌ڵمان ڕاگرت، ئه‌و هێزه‌ی توركیاش به ئاگاداری حكومه‌تی عێراقی له چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنێكی پێشووتری نێوان "توركیا.عێراق " هاتووه، كه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌ریلاكانی"په‌كه‌كه" له‌سه‌ری ڕێككه‌وتبوون،به‌ڵام ئێستا به‌هۆی فشاری ده‌ره‌كی "وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئێران" له هه‌مبه‌ر سوپای توركیا له‌ناو عێراق به هه‌ستیاری هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی لاوازی حكومه‌تی عێراقه كه ناتوانێت گوزارشت له هه‌ڵوێسته‌كانی بكات به شێوه‌یه‌كی ڕاشكاوانه و كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و فشارانه‌وه.

ئوسامه نوجێفی ئاشكرایكردووه" كه له نێوان حكومه‌تی "عێراق و توركیا" دا دیداری نهێنی له" ئیستانبوڵ و ئیتالیا "ئه‌نجامدراوه له‌باره‌ی داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات له چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه،له‌وانه دۆسیه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان.
نوجێفی ئه‌و دیدارانه به ئاماژه‌ی باش ناو ده‌بات و ده‌ڵێت" لایه‌نێكی په‌یوه‌نددار زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و دیداره نهێنییانه پێداوم،و له‌وكاته‌ی پرسیاریشم له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه، دانی پێداناوه، بۆ زانیاریتان پێشتر عه‌بادی خۆمی ڕاسپارد بوو كه كه‌شێكی گونجاو له نێوان عێراق و توركیا دروست بكه‌م، و ئه‌و كاره‌شم كرد.
به هه‌مان شێوه ڕایسپاردم كه هه‌مان ڕۆڵ بگێڕم له‌گه‌ڵ سعودیه‌شدا، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئیراده‌یه‌ك له پشته‌وه هه‌بوو بۆ تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و سعودییه،و له سه‌رووی خواستی عه‌بادی بوو،كه ده‌یویست په‌یوه‌ندییه‌كان چاك بكات، به‌ڵام له‌و بواره‌دا ده‌ستی كورت بوو، نه‌یانهێشت به ئاكام بگات، له‌كاتێكدا بوونی په‌یوه‌ندی باش له‌گه‌ڵ سعودییه كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی ده‌بوو له‌سه‌ر ناوچه‌كه و له‌وانه‌یه ببێته هۆی سه‌قامگیری ناوچه‌كه.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی داهاتووی نێوان ئه‌هلی سوننه له عێراق، ئوسامه نوجێفی ڕایگه‌یاندووه"" پرۆژه‌یه‌كیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و پارێزگایانه هه‌یه كه زۆرینه‌یان سوننه‌ن،چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیش كراوه و ده‌مانه‌وێت په‌یڕه‌وێكی ناوخۆیی و شێوازی كاركردنێكی ڕوون بۆ خۆمان دابنێن بۆ ده‌ستخستنی مافه‌كانی سوننه له قوناغی داهاتوودا، چونكه ئێستا زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر ده‌ستوور ده‌كرێت و چه‌ند هێزێكی دیاریكراو هه‌ن ده‌یانه‌وێت كۆنترۆڵی وڵات بكه‌ن،و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین ڕێگای جیاواز به‌كار ده‌هێنن،بۆیه مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان قورس بووه و هه‌وڵی خۆسه‌پاندن به ڕێگه‌ی هێز، كاردانه‌وه‌ی خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی وڵات به یه‌كپارچه‌یی،بۆیه باشترین چاره‌سه‌ر سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی دۆخی ئیداری ناوچهكانمانه له ڕێگه‌ی هه‌رێمی كارگێڕی نه‌ك تائیفی،چونكه پێمانوایه ئه‌م شێوازه ده‌بێته هۆی مانه‌وه له‌گه‌ڵ عێراقیكی یه‌كگرتوو.
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی "موته‌حیدوون" ڕوونتر له‌وباره‌یه‌وه قسه‌ی كردووه و ده‌ڵێت"" ئه‌و ناوچانه‌ی كه ده‌توانین هه‌رێمی تێدا دروست بكه‌ین(نه‌ینه‌وا.دیاله.ئه‌نبار.سه‌ڵاحه‌دین.كه‌ركوك)ه كه ده‌ستور ڕێگه‌ی پێداوه، بۆ زانیاری له‌وكاته‌ی كه نه‌ینه‌وا بكرێته هه‌رێم، ده‌توانرێت بكرێت به چه‌ند پارێزگایه‌ك وه‌ك "ته‌له‌عفه‌ر.ده‌شتی نه‌ینه‌وا.شنگال".

نوجێفی له‌باره‌ی شه‌ڕی موسڵ جارێكی دیكه هه‌ڵوێست و نیگه‌رانییه‌كانی سوننه‌ی خستووه‌ته‌وه ڕوو و ڕایگه‌یاندووه" دژی به‌شداری حه‌شدی شه‌عبین له ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وی موسڵ،چونكه چه‌ند ده‌سته و گروپێكی ناو حه‌شدی شه‌عبی نه‌ك هه‌موویان، له ناوچه‌كانی پارێزگای "سه‌ڵاحه‌دین و دیاله و سه‌قلاویه و جه‌رف و سه‌خه‌ر" پێشێلكاری گه‌وره‌یان به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه ئه‌نجامداوه و حكومه‌ت نه‌یتوانیووه لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات،بۆیه هه‌ڵوێستی سه‌ركرده سیاسییه‌كان و ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراوی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌و باره‌یه‌وه ڕوونه و دژی به‌شداری حه‌شدی شه‌عبین، چونكه نامانه‌وێت ئه‌وه‌ی له ناوچه‌كانی دیكه ڕوویداوه له نه‌ینه‌وا دووباره ببێته‌وه.
ده‌رباره‌ی پێكهێنانی هێزێكی"15" هه‌زار كه‌سی له خه‌لكی نه‌ینه‌وا به ناوی حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراوه، ئوسامه نوجێفی ڕایگه‌یاندووه" ئه‌و بڕیاره دراوه و جێبه‌جێ نه‌كراوه،ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و بریاره‌ین،كه پێكهاته‌كانی خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا له‌و هێزهدابن، جا با ناویشی حه‌شدی شه‌عبی بێت،چونكه ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ل ناوی حه‌شدی شه‌عبی نییه به‌ڵكو كێشه‌مان له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانی چه‌ند ده‌سته و گروپێكه كه له‌ژێر ئه‌و تایتڵه‌دا كۆكراونه‌ته‌وه.