بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە کارەبای زیاتر لە هەزار شار و گوندەکانی ئۆکرانیا پچڕاوە
K24 - هەولێر
هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی رووسیا بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا لە ماوەکانی رابردوودا سیستەمی وزەی ئەو وڵاتەی لاواز کردووە، هاوکات پیش هاتنی وەرزی زستان کیێڤ هۆشداری دابوو لەوەی کارەبای سەدان شار و گوند پچڕاوە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوو، ئۆکرانیا هێرشی چڕی کردە سەر شاری بێلگۆرۆدی رووسیا کە 32 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرانیا دوورە، کەبوە هۆی چۆڵکردنی سەدان دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و دواخستنی قوتابخانەکان بۆ 19ـی 1ـی 2024.
مۆسکۆ سوپای ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بە تەقەکردن لە مەدەنییەکان لە ناوەڕاستی شاری بێلگۆرۆد کە نزیکەی 340 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە و چەکەکانیشیان لەلایەن وڵاتانی ئەوروپییەوە بۆ دابینکراوە.
وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، بەرگری ئاسمانی 10 مووشەکیان خستۆتە خوارەوە کە لە جۆری "ئاڕ ئێم 70 ڤامپیر"ەوە هەڵدرابوون، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئۆکرانیا لە سەرەتای شەڕەوە ژمارەیەک لەو مووشەکانەی لە چیک وەرگرتووە.
کیێڤ رایگەیاندووە، وێستگەکانی کارەبای ئۆکرانیا هێشتا چاک دەکرێنەوە بەهۆی هێرشە بەرفراوانەکانی رووسیا کە زستانی رابردوو کردبووی، هەروەها وێستگەکانی وزەی خۆریش بەهۆی هەوری زۆر و خراپی کەشوهەوا نەیانتوانیوە بە تەواو کاربکەن، لەهەمان کاتدا ئۆکرانیا بۆ ئەوەی بتوانێت کارەبا دابین بکات، ناچاربووە کارەبا لە وڵاتانی رۆمانیا و سلۆڤاکیای دراوسێی هاوردە بکات.
ئەو کۆمپانیایەی کە تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا بەڕێوەدەبات، دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، کەشوهەوای سەختی زستان کارەبای زیاتر لە هەزار شار و گوندی لە نۆ هەرێم پچڕاندووە و داوای لە دانیشتووانی وڵاتەکەی کردووە وزە بپارێزن. کۆمپانیای "ئۆکرنرگۆ" ئاشکرایکرد، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بەکارهێنانی کارەبا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی، ئەوەش بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ نزیکەی 15 پلەی ژێر سفر لە زۆرێک لە ناوچەکانی وڵات.
رووسیا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو جار ئۆکرانیای بە دەیان مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کرد.
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، ڤالێری زالۆگنی پێشتر لە رێگەی تێلێگرامەوە رایگەیاندبوو، رووسیا لە هێرشە ئاسمانییەکەی رۆژی دووشەممەی رابردوودا بۆ سەر ئۆکرانیا 59 مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێناوە.
زالۆگنی گوتیشی: ژێرخانی مەدەنی و ئامانجە پیشەسازی و سەربازییەکان هێرشیان کراوەتە سەر، وەزارەتی بەرگری رووسیاش دووپاتیکردەوە، هێرش بۆ سەر ئامانجە سەربازی و پیشەسازییەکان لە ئۆکرانیا ئەنجامدراوە
لەلایەکی دیکەوە ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا داوای لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا کرد کە ئەمساڵ پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا بەهێزتر بکەن، گوتیشی: "ئەو بارە چەکانەی کە پلانیان بۆ دانرابوو لەلایەن زۆرینەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە بۆ ئۆکرانیا دابین بکرێت، زۆر کەمن".
شۆڵتز داوا لە هاوپەیمانان لە یەکێتی ئەوروپا دەکات هەوڵەکانیان بە ناوی ئۆکرانیا بەهێزتر بکەن، دەشڵێت: لە لوتکەی یەکێتی ئەوروپا لە سەرەتای مانگی شوباتدا، دەبێت تێڕوانینێکی گشتی لەبەردەستدا بێت سەبارەت بەو بەشدارییەی کە هاوبەشە ئەوروپییەکان لەم ساڵدا دەیکەن بۆ پشتگیریکردنی ئۆکرانیا، ئەوروپا دەبێت نیشان بدات کە شانبەشانی ئۆکرانیا وەستاوە.
راوێژکارەکەی ئەڵمانیا جەختی لە متمانەی خۆی کردەوە بۆ پەسەندکردنی پاکێجی یارمەتی پێشنیارکراوی یەکێتی ئەوروپا بە بەهای 50 ملیار یۆرۆ بۆ ئۆکرانیا.
لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشیکردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتە داگیر کرد و تاوەکو ئێستا شەڕو پێکدادان بەردەوامە و بەدەیان هەزار کەس کوژراون و برینداربوون و بەملیۆنان کەسیش ئاوارەبوون.