دادگای ئیسرائیل بڕیارێکی لە دژی وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی دەرکرد

K24 - هەولێر

دادگای باڵای داد لە ئیسرائیل، ئیتیمار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی قەدەغە کرد لەوەی فەرمان بە پۆلیس بدات سەبارەت بە چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانەکان و بەکارهێنانی هێز بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕەزایەتییەکان.

دادگای باڵای داد لە ئیسرائیل لە مانگی ئاداردا بڕیاریدا کە رێگە بە وەزیری راستڕەوی توندڕەو نەدات ئەو جۆرە فەرمانانە دەربکات، ئەمڕۆش بۆی دەرکەوت کە بن گڤیر بڕیارەکەی پێشێل کردووە.

 دوای ئەوەی بن گڤیر لەم دواییانەدا هەوڵیدا رێگری لە خۆپیشاندانێکی دژە شەڕ لە تەلئەڤیڤ بکات، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سکاڵایان لەسەر تۆمار کرد.

 دادگاکە بڕیاریدا کە "بن گڤیر دەبێت خۆی لە پێدانی رێنمایی و فەرمان دەرکردن بە پۆلیس، سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیاسەتەکەی بپارێزێت، هەروەها دژی مافی خۆپیشاندان و ئازادی و ناڕەزایەتی دەربڕین نوبێت.

 ئەو وەزیرە لە ماوەی رابردوودا تۆمەتبار کراوە بەوەی هەوڵی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی دژ بە حکومەت و بەتایبەت پلانەکانی چاکسازیی دادوەری داوە، هەروەها فەرمانی بە پۆلیسەکان کردووە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، رێگەی توند بەکاربهێنن.