شاندێکی تەکنیکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە

K24 - هەولێر
شاندێکی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و دەیانەوێت لەبارەی تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بگەنە رێککەوتن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24؛ شاندێکی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 10-01-2024، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا.
شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی گفتوگۆ لەبارەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت دەکات و هەردوولا دەیانەوێت لەسەر "ژمارەیەکی راستەقینە" بگەنە رێککەوتن و لە هەمواری یاسای بودجە جێگیری بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق لێکتێگەیشتن هەبووە کە لیژنەیەک لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی لە زووترین کات لسەر دیاریردنی ژمارەیەک بگەنە رێککەوتن کە بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک شەش دۆلار دیاری کراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داوای 26 دۆلاری کردووە.