عامر جبووری: کێشەی هاووڵاتییانی گەڕەکی نەورۆز چارەسەر دەکەین

عامر جبووری، راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق
عامر جبووری، راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، دوای كۆبوونەوە و بەدواداچوونەكانیان داواكارییەكان و دەنگی ھاووڵاتییانی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووك بە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەگەیەنن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (10ـی کانوونی دووەمی 2024) شاندێكی باڵا كە پێكھاتبوو لە راوێژكاری یاسایی سەرۆكوەزیرانی عێراق و ژمارەیەك بەرپرس سەردانی خێوەتی مانگرتووانی گەڕەكی نەورۆزیان لە شاری كەركووك كرد.

عامر جبووری، راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانەوە ھاتووین بۆئەوەی لە نزیكەوە داخوازییەكانی ھاووڵاتیانی كەركووك ببیستین".

راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، دوای كۆبوونەوە و بەدواداچوونەكانمان داواكارییەكان و دەنگی ھاووڵاتیانی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووك بە نووسیگەی سەرۆكوەزیران دەگەیەنین.

ھاوكات عامر جبووری، ھاووڵاتیانیشی لە چارەسەركردنی كێشەكان دڵنیاكردەوە.

رۆژی پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024)، سوپای عێراقی بەهەمەڕ و سەربازیی زۆرەوە، هەڵیکوتایە سەر ماڵە کوردەکانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک، هەوڵیدا ئەو 130 خانووە دەستبەسەردا بگرێت کە نزیکەی 20 ساڵە کورد تێیدا دەژیت.

هاوکات نوێنەری شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەنێو هاووڵاتیانی گەڕەکی نەورۆز بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەیەکەم کاتەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر کێشەی کوردانی گەڕەکی نەورۆز قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد،  سوودانیش بڕیاریدا سوپاکە بکێشنێتەوە.