چوارەمین کۆنفرانسی زانستی پزیشکی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت
K24 – هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2024، چوارەمین کۆنفرانسی پزیشکی هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد، کۆنفرانسەکە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
د. کاروان محەممەد، جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەم کۆنفرانسە بۆ سێ رۆژ بەردەوام دەبێت لە شاری هەولێر، کۆمەڵێک بابەت لەخۆی دەگرێت، ئەویش بابەتی پزیشکییەکان لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و جیهاندا، هەوڵدەدرێت تیشک بخرێتە سەر ئەو بابەتانەی کە ئێستا لە جیهاندا پێشکەوتوون لە بواری پزیشکیدا، هەماهەنگی بکرێت لەنێوان ئەو پزیشکانەی کە لە کوردستاندا هەمانە، لەگەڵ ئەو پزیشکانەی لە دەرەوەی وڵاتن".
گوتیشی: "مەبەست لەو کۆنفرانسە ئاشنابوونە بە دوایین پێشهاتەکانی بواری پزیشکی لە جیهاندا، بۆ ئەوەی ئەو پێشکەوتنانەی کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەیە، بێنە هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی کوردستان و عێراقیش لێی سوودمەندبن لەو پێشکەوتنانە، هەماهەنگیش هەبێت لەنێوان پزیشکانی هەرێم و پزیشکانی دەرەوە، دەکرێت".
د. کاروان محەممەد، راشیگەیاند: "ئێمە هەوڵمانداوە زۆرترین ئەو ڵاتانەی کە پێشکەوتوون لە بواری پزیشکیدا بێنە هەرێـمی کوردستان بۆ بەشداریکردنی ئەو کۆنفرانسە، وەک؛ بەریتانیا، ئەمەریکا، ئوستراڵیا، نیوزلەندا، وەک پانێلێک لەم کۆنفرانسەدا قسە بکەن، ئەزموونی وڵاتەکەی خۆیان بهێننە کوردستان، بۆ ئەوەی زۆرترین سوودیان لێ وەربگرین بۆ پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان".