حکومەتی عێراق لەبارەی ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا

K24 - بەغدا

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا 615 ملیار دینار بۆ مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا 615 ملیار دینار بۆ مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، کە پشتر شاندی هەرێمی کوردستان داوایان کردبوو، تا ئەوکاتەی یاسای بودجەی گشتی هەموار دەکرێتەوە بڕێک پارە وەک سولفە بۆ مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدای کرد، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق داوایان کردووە، بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024، لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە، ئەمەش بە جیاکردنەوەی خەرجی راستەقینە لە مووچەی فەرمانبەران، هاوکات مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر خەرجی (حاکیمە) لەسەر ئەو بنەمایە سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی سێ کەسی پێکهێنا بۆ ئەوەی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرن، لیژنەکە لە وەزیری دارایی، وەزیری نەوت و وەزیری پلاندانان پێکهاتووە، بەو ئامانجەی لیژنەکە ئەو گفتوگۆ لەسەر میکانیزمەکان بکات و بیهێننە ناو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە بڕیارە ئەمڕۆ بکرێت.