هادی عامری: سوودانی نییه‌تی راستەقینەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەیە

هادی عامری، ئەمیندری گشتی رێکخراوی بەدر
هادی عامری، ئەمیندری گشتی رێکخراوی بەدر

K24 – هەولێر:

دوای سه‌ردانه‌ به‌رده‌وامه‌كانی شاندی حكومه‌ت بۆ به‌غدا، حكومه‌تی عێراق بڕیاری دا به‌ ناردنی بڕی 618 ملیار دینار، هادی عامریش بۆ‌ كوردستان 24 رایده‌گه‌یه‌نێـت، سوودانی نییه‌تی راستەقینەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەیە.

هادی عامری، ئەمیندری گشتی رێکخراوی بەدر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەرکی حکومەتە و ئەوانیش سورن لە سەر چارەسەرکردنی.

ئەمیندری گشتی رێکخراوی بەدر، ئاماژەی بەوەدا، سوودانی و تەواوی کابینەکەی نییەتی راستەقینەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەیە.

هادی عامری، دەڵێت: بڕیار بوو هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ بە رەشنووسی هەمواری یاسایی بوودجەی ساڵی 2024 بدرێت لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

ناوبراو راشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی رەشنووسی هەمواری یاسای بودجەی 2024 لە لایەن ئەو لیژنەیەی کە راسپێردرابوون بە تەواوی ئامادەنەکرابوو ، بۆیە دواخرا بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە (14ـی کانوونی دووەمی 2024) باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفراسنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و کارکردن بە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 و  بە گوێرەی خەرجی راستەقینە بۆ مانگی کانوونی دووەم، هەرێمی کوردستان بە بڕی 618 ملیار و 578 ملیۆن و 29 هەزار دینار پارەدار دەکرێت.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی چەند بڕیارێک درا، لەنێو ئەو بڕیارانەش پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا و بڕیاری لەسەر درا کە، بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە، 618 ملیار دینار  578 ملیۆن و 29 هەزار بۆ  مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024ی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

هەفتەی رابردووش، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق داوایان کردووە، بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024، لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە، ئەمەش بە جیاکردنەوەی خەرجی راستەقینە لە مووچەی فەرمانبەران، هاوکات مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر بودجەی (حاکیمە).