چین رەخنە لە ئەمەریکا و بەریتانیا دەگرێت
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی چین بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رەخنەی لە ئەمەریکا و بەریتانیا گرت.
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی سامح شوکری لە دوای کۆبوونەوەیەکیان لە قاهیرە رایگەیاند، چین داوای "کۆتاییهێنان و هەراسانکردنی کەشتییە مەدەنییەکان" دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چین باسی یاخیبوونەکانی حوسییەکانی نەکرد کە چەندان هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و مەدەنییەکان ئەنجامداوە.
هەروەها بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رەخنەی لە ئەمەریکا و بەریتانیا گرت کە هێرشیان کردووەتە سەر حوسییەکان لە یەمەن گوتی: "ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەرگیز دەسەڵاتی بە هیچ وڵاتێک نەداوە کە هێز لە دژی یەمەن بەکاربهێنێت".
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی پەسەند کرد کە تیایدا داوا لە گرووپە یاخیبووە حوسییەکان دەکات، "هێرشەکانیان لە دەریایی سوور رابگرن"، هەروەها 11 ئەندام دەنگیان بە لێکۆڵینەوەکاندا و چوار ئەندام دەنگیان نەدا، لەنێویاندا رووسیا و چین.
وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد "رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان بەدرێژایی دەریای سوور بگرن و بە هاوبەشی رێڕەوی ئاوی ئەو وڵاتانە بپارێزن"، کە بە "کەناڵێکی گرنگی بازرگانی نێودەوڵەتی بۆ کاڵا و وزە" ناوبرد.
ئا: لاڤین عومەر