پێنج چەکداری داعش دەستگیرکران و سێ سەربازی عێراقیش کوژران
K24 – مووسڵ
لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا پێنج چەکداری داعش دەستگیرکران و لە هێرشێکی چەکداریشدا لە پارێزگای ئەنبار سێ سەربازی عێراق کوژران.
مازن ئەحمەدی گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا بە کوردستان24ی راگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی و دژە تیرۆر لە گەڕەکی کەڕامەی مووسڵ توانیویانە چوار چەکداری داعش دەستگیر بکەن، لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا هێزەکانی پۆلیس لە گەڕەکی رەشیدییەی مووسڵ چەکدارێکی دیکەی داعشیان دەستگیرکردووە.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ بنکەیەکی سوپا لە رێگەی نێوان بێجی و حەدیسە لە رۆژئاوای ئەنبار، سێ سەربازی سەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە کوژراون.
جمووجوڵەکانی چەکدارانی داعش لە عێراق لە کاتێکدایە، کە زیاتر لە شەش ساڵ بە سەر ئازادکردنی مووسڵ لە دەستی چەکدارانی داعش تێپەڕیوەو بەشێک لە هێزو لایەنە سیاسییە عێراقییەکان داوای رێکخستنەوەی رێککەوتنی هێزە بیانییەکان دەکەن، کە لە 2014ـەوە لە چوارچێوەی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پشتیوانی عێراق دەکەن.