کۆمکاری عەرەبی کۆدەبێتەوە

K24 - هەولێر

یاریدەدەری سکرتێری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو کۆدەبنەوە، بۆ تاوتوێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەسیوپیا و سۆماڵ، کە سۆماڵ واژۆی کردووە.

لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا حوسام زەکی، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر داوای سۆماڵ بەڕێوەدەچێت، ئەویش بۆ پاڵپشتیکردنی مگدیشۆیە، روونیشیکردووەتەوە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەوڵی رژد هەبووە بۆ ئەنجامدانی، هەر بۆیە رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە کۆبوونەوەکە لە رێگەی "ڤیدیۆ کۆنفرانس"ـەوە ئەنجام بدرێت.

راشیگەیاند، کە سۆماڵ یاداشتێکی روونکردنەوەی بەسەر وڵاتانی ئەندامدا دابەشکردووە، گوتیشی، "زیاتر لە 12 وڵات ئامادە دەبن بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکە".

هەروەها بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی داهاتووی میسر لەنێوان ئەحمەد ئەلغەیت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی، لەگەڵ حەسەن شێخ مەحموود، سەرۆکی سۆماڵ، زەکی جەختی کردەوە، ئەگەر ئەمینداری گشتی له قاهیره ئاماده بێت لە سەردانەکەدا، بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت.

ئاژانسی هەواڵی سۆماڵ، "سۆنا" هەفتەی رابردوو بڵاویکردەوە، حەسەن شێخ مەحموود، سەرۆککۆماری سۆماڵ لە ماوەی چەند رۆژێکدا سەردانی قاهیرە دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی بانگهێشتنامە فەرمییەی کە لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسرەوە پێگەیشت، هاوکات پێشوازی لە شاندێکی باڵای میسری کرد لە مەگدیشۆ.

ئەوەشی خستەڕوو، سۆماڵ هەوڵدەدات بە کۆکردنەوەی پاڵپشتی بۆ رەتکردنەوەی ئەو رێککەوتننامەی کە لە مانگی رابردوو لە نێوان ئەسیوپیا و سۆمالیلاند "سۆماڵی" دابڕێنراو واژۆکرابوو، کە رێگای پێدا بەندەری بربرا بەکاربهێنێت، کە دەڕوانێتە کەنداوی عەدەن لە دەروازەی دەریای سوور، بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی لەوێ، لە بەرامبەر دانپێدانان بە سۆمالیلەندا کە وڵاتێکی سەربەخۆیە.

مەگدیشۆ داواکارییەکانی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی، رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و دەستەی حکومەتەکانی گەشەپێدانی رۆژهەڵاتی ئەفریقا (ئیگاد) کردووە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر ئەو رێککەوتنە ئەنجام بدەن.

ئا: لاڤین عومەر